رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان رایدەگەیێنێت، قەبارەی وەبەرهێنان لە کەرتی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە زیاتر لە 35 ملیار دۆلار، بەڵام دەڵێت، ئەو پڕۆژانە بۆ "قازانج" دروستکراون نەک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون. دەشڵێت، سەرەڕای دابەزینی نرخەکان، خواست لەسەر کڕینی خانوو و شوقە زۆر کەمبووەتەوە.
رۆژی دووشەممە 13-07-2026 مەلا یاسین مەحموود، گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، نوێترین ئاماری کەرتی نیشتەجێبوونی خستەڕوو و رایگەیاند: "لە ساڵی 2006ـەوە کە یاسای وەبەرهێنان دەرچووە، 298 پڕۆژەی نیشتەجێبوون مۆڵەتیان وەرگرتووە، کە نزیکەی 320 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لەخۆدەگرن."
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەران خستیەڕوو، پارێزگای هەولێر لە پلەی یەکەمدایە و زۆرترین پڕۆژە و سەرمایەی تێدایە. مەلا یاسین گوتی: "هەولێری پایتەخت بە تەنیا 66%ـی کۆی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی هەرێمی کوردستانی بردووە، کە بەهای سەرمایەکەی 23 ملیار دۆلارە."
لەبارەی شارەکانی دیکەشەوە ئاماژەی بەوە کرد، پارێزگای سلێمانی بە پشکی 18% و بەهای 6.3 ملیار دۆلار لە پلەی دووەمدایە، دوای ئەویش پارێزگای دهۆک بە 8% و ئیدارەی گەرمیان بە 4% دێن.
مەلا یاسین مەحموود باسی لە ئامانجی ئەو پڕۆژانە کرد و گوتی: "با خەڵک ئەوە بزانێت، ئەم پڕۆژانە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون دروست نەکراون. وەبەرهێنان لە هەموو جیهاندا بۆ قازانجکردنە نەک چارەسەری قەیران."
ئەو پێیوایە چارەسەری راستەقینەی کێشەی نیشتەجێبوون دەبێت لە ڕێگەی حکومەتەوە بێت و دەڵێت: "پێشتر پەرلەمانی کوردستان یاسایەکی دەرکرد کە حکومەت لە رێگەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەوە پڕۆژە دروست بکات و بە قیستی 20 ساڵ بیدات بە خەڵک، بەڵام بەداخەوە یاساکە جێبەجێ نەکرا."
نرخەکان دابەزیون و خواست نییە
سەبارەت بە دۆخی ئێستای بازاڕ، گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەران ئاماژەی بە سستییەکەی گەورە لە کڕین و فرۆشتندا کرد و رایگەیاند، نرخەکان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیون، بەڵام هێشتا کڕیار کەمە.
مەلا یاسین روونیکردەوە: "جاران لە شوێنە باشەکاندا نرخی مەترێک شوقە دەگەیشتە 1500 بۆ 2000 دۆلار، بەڵام ئێستا لە باشترین شوێنەکانی هەولێر و سلێمانی نرخەکان بۆ خوار 1000 دۆلار دابەزیون، لەگەڵ ئەوەشدا خواست و کڕینیان زۆر کەمە."
بە گوتەی مەلا یاسین ئێستا لە هەرێمی کوردستان 50 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی تەواوکراو و ئامادە هەن کە بۆ فرۆشتن دانراون، بەڵام بەهۆی قەیرانە داراییەکانەوە خەڵک توانای کڕینیانی نییە، ئاماژەی بەوەش کرد کە لە کۆی 320 هەزار یەکەی مۆڵەتپێدراو، تەنیا لە 70 بۆ 80 هەزار یەکەدا خەڵک نیشتەجێ بوون و خزمەتگوزارییان پێدەگات.

.webp&w=3840&q=75)
