رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای نەوتی گەڵف کیستۆن پترۆلیۆم (Gulf Keystone Petroleum) رایگەیاند، دوای دەستپێکردنەوەی کارەکانیان، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیان لە کێڵگەی شێخان لە هەرێمی کوردستان زیادکردووە و ئێستا رۆژانە زیاتر لە 43 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنن. کۆمپانیاکە هەوڵدەدات رێککەوتنی هەناردەکردنی درێژخایەن واژۆ بکات بۆ ئەوەی داهاتەکانی زیاتر بکات.
زیادبوونی بەرهەمهێنان
لەوەتەی لە 24ـی حوزەیرانی 2026ـەوە دەستیان بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت کردووەتەوە، گەڵف کیستۆن بەردەوام ئاستی بەرهەمهێنانی لە کێڵگەی شێخان بەرزکردووەتەوە و گەیاندوویەتە سەرووی 43 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
بەڕێوەبەرایەتیی کۆمپانیاکە دەڵێت، لە چەند هەفتەی داهاتوودا کاری زیاتر لەسەر بیرە نەوتەکان دەکەن بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنان باشتر بکەن. هەروەها جەختیان لەوە کردەوە کە بەوردی چاودێریی دۆخی ئەمنیی هەرێمی کوردستان و ناوچەکەش دەکەن.
فرۆشتنی نەوت بە نرخی جیهانی
لە کاتی زیادکردنی بەرهەمهێناندا، گەڵف کیستۆن هەوڵدەدات گرێبەستی درێژخایەنی هەناردەکردن واژۆ بکات، بۆ ئەوەی نەوتەکەی بە نرخی بازاڕەکانی جیهان بفرۆشێت. کۆمپانیاکە پێیوایە رێککەوتنی هەناردەکردنی هەمیشەیی، داهاتەکانیان جێگیر دەکات و رێگەیان بۆ دەکاتەوە بەرەو بازاڕە جیهانییەکان.
لە هەمان کاتدا، کۆمپانیاکە لە گفتوگۆدایە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دانانی پلانێکی نوێی پەرەپێدان بۆ کێڵگەی شێخان، کە چاوەڕوان دەکرێت گەشە و بەهای ئەم کێڵگە نەوتییە لە داهاتوودا زۆر زیاتر بکات.
دۆخی دارایی کۆمپانیاکە
گەڵف کیستۆن لە رووی داراییەوە دۆخی باشە و قەرزەکانی کەمن، ئەمەش وایکردووە بەرگەی گۆڕانکاری و دابەزینی نرخی نەوت لە جیهاندا بگرێت، هەرچەندە لە ساڵی 2025ـدا کەمێک پاشەکشەی لە داهاتی نەختینەدا هەبوو و پشکەکانیشی لە بۆرسەدا کەمێک دابەزین.
گەڵف کیستۆن پترۆلیۆم، کۆمپانیایەکی سەربەخۆی بەرهەمهێنانی نەوت و گازە و کارەکانی لە هەرێمی کوردستان چڕکردووەتەوە. پشکەکانی کۆمپانیاکە لە بۆرسەی لەندەن و ئۆسلۆ مامەڵەیان پێوەدەکرێت و سەرپەرشتیی کێڵگەی شێخان دەکات، کە یەکێکە لە گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان.
.webp&w=3840&q=75)


