رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، حکومەتی عێراق بە بیانووی نەبوونی پارەی کاش ناردنی مووچەی دواخستووە. باسی لەوەش کرد: "هەفتەی داهاتوو لیستی مووچەی مانگی تەممووز دەنێردرێت".
رۆژی یەکشەممە، 12ـی تەممووزی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: وەزارەتی دارایی عێراق تاوەکو ئێستا بەفەرمی ئێمەی ئاگادار نەکردووەتەوە لەبارەی داهاتی نانەوتی کە بۆیان بنێرین، "دیارە دەیانەوێت بە رێگەی (مەقاسە) مووچە بنێرن، بەڵام ئێستا بیانوویان گرتووە بەوەی کە پارەی کاشیان لەبەردەست نییە و گوایە لەبەر ئەوە مووچە نانێرن."
سەرچاوەکەی رووداو گوتی: "تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حوزەیران و لیستی مووچەی مانگی تەممووز، هەفتەی داهاتوو کارەکانیان تەواو دەبێت و رەوانەی بەغدا دەکرێن تاوەکو رێکارەکان دەستپێبکەن."
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کرد، دوێنێ لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، وەزیرە کوردەکان لەگەڵ عەلی زەیدی قسەیان کردووە و پرسی مووچەیان تاوتوێ کردووە، "بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکی روون و فەرمی لەبارەی کاتی ناردنی پارەکە نییە."
ئەمە لەکاتێکدایە کە فالح ساری، وەزیری نوێی دارایی عێراق، لە 28-06-2026ـەوە دەستی بە خەرجکردنی مووچەی مانگی 6ـی فەرمانبەرانی عێراق کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا فەرمانی خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستانی واژۆ نەکردووە.
17ـی حوزەیرانی 2026، لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئایار لەلایەن تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە رادەستی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا.


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
