رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، گەنمی وەرگیراو لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 86%. بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێ، سایلۆکان کراوە دەبن تاوەکو هەموو گەنمی دیاریکراو وەردەگیرێت.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گەنمی وەرگیراو لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە زیاتر لە 332 هەزار و 910 تۆن".
بەگوێرەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، گەنمی وەرگیراو لە پارێزگاکان بەمشێوەیەیە:
پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە: 124 هەزار و 673 تۆن.
پارێزگای هەولێر: 113 هەزار و 165 تۆن.
پارێزگای دهۆک: 95 هەزار و 71 تۆن.
بەگوێرەی حکومەتی عێراق، پشکی وەرگرتنی گەنم بۆ چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (ناو پلان و دەرەوەی پلان) بەمشێوەیە دەبێت:
- پارێزگای سلێمانی: 150 هەزار و 209 تۆن.
- پارێزگای هەولێر: 122 هەزار و 680 تۆن.
- پارێزگای دهۆک: 116 هەزار و 408 تۆن.
- پارێزگای هەڵەبجە: 11 هەزار و 28 تۆن.
12ـی حوزەیرانی 2026، وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و دواتریش لە سلێمانی و هەڵەبجە دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
ئاماری ئەو گەنمەی وەرگیراوە بەدەرە لە گەنمی چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستان، کە گەنمەکانیان لەلایەن سایلۆکانی هەرێمی کوردستانەوە وەردەگیرێت.
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری داوە 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، کە 292 هەزار تۆنی بە گەنمی نێو پلانی چاندن دادەنرێت و تۆنی بە 700 هەزار دینارە، زیاتر لە 108 هەزار تۆنیش لە دەرەوەی پلانە و تۆنی بە 500 هەزار دینار وەردەگیرێ.
ساڵی 2024 حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، ساڵی 2025 کەمیکردەوە بۆ 400 هەزار تۆن بە نرخی 800 هەزار دینار بۆ تۆنێک.


