بەهۆی تەنگژەی سووتەمەنی، دەسەڵاتدارانی چەند هەرێمێکی رووسیا داوا لە فەرمانبەران دەکەن لە ماڵەوە کار بکەن و هاتووچۆ بە ئۆتۆمبێل کەم بکەنەوە. رۆژی شەممە، 11ی تەممووزی 2026، حکومەتی ناوخۆیی ویلایەتی (نۆڤۆسیبیرسک) لە راگەیێندراوێکدا داوای لە خاوەنکاران کرد، "رێگە بە کارمەندەکانیان بدەن لە ماڵەوە کار بکەن تاوەکو بەکارهێنانی سووتەمەنی کەم ببێتەوە." هەروەها داوا لە هاووڵاتییان کراوە، هاتووچۆی تایبەتی خۆیان بۆ ناوەوە و دەرەوەی سنوورەکانی ویلایەتەکە رابگرن. ئەم بڕیارە هەرێمەکانی (تۆمسک) و (ئیرکوتسک)یشی گرتووەتەوە؛ لەو ناوچانە بە فەرمی داوا لە بەرپرسان و فەرمانبەران کراوە کۆبوونەوەکانیان بە شێوەی "ئۆنلاین" بکەن و گەشتە بازرگانییەکان هەڵوەشێننەوە. بۆچی رووسیا تووشی ئەم تەنگژە بوو؟ ئەم تەنگژە قورسە دوای ئەوە دێت، رۆژی 6ی تەممووزی 2026، درۆنەکانی ئۆکراینا پاڵاوگەی گەورەی (ئۆمسک)یان بە ئامانج گرت کە یەکێکە لە گرنگترین ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی وزە لە رووسیا. هێرشەکانی ئۆکراینا توانیویانە نزیکەی 30%ـی توانای پاڵاوتنی ناوخۆیی رووسیا پەکبخەن، ئەمەش وای کردووە بەرهەمهێنانی بەنزین بە رێژەی 20% کەمتر بێت لە خواست و پێویستیی نێوخۆیی وڵاتەکە. بەهۆی کەمیی بەنزین، حکومەتی رووسیا لە 90%ـی هەرێمەکانی وڵاتەکەدا رێکاری تووندی گرتووەتە بەر: - سیستەمی تاک و جووت: لە 6 هەرێمی وەک (ئۆریۆڵ) و (نیژنی نۆڤگۆرۆد)، تەنیا ئەو ئۆتۆمبێلانەی ژمارەی تابلۆکانیان تاکە دەتوانن لە رۆژە تاکەکاندا بەنزین بکڕن و بەپێچەوانەشەوە. - سنووردارکردنی کڕین: زۆربەی وێستگەکان تەنیا رێگە دەدەن هەر کڕیارێک 15 بۆ 30 لیتر بەنزین وەربگرێت. - ئەمنیەت: هێزەکانی گاردی نیشتمانیی رووسیا لە دەوروبەری وێستگەکانی بەنزین جێگیر کراون تاوەکو رێگری لە دروستبوونی پشێوی و شەڕ لە نێوان شۆفێراندا بکەن. لەلایەکی دیکە بەهۆی تەنگژەکەوە، بەشێکی زۆری هاووڵاتییان روویان لە گۆڕینی سیستەمی سووتەمەنیی ئۆتۆمبێلەکانیان کردووە بۆ گازی شل. ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، دانی بە بوونی کێشەکەدا ناوە، بەڵام رایگەیاندووە کە دۆخەکە "کارەساتبار نییە" و کیێڤی تۆمەتبار کرد بەوەی دەیەوێ لە رێگەی ئەم هێرشانەوە درز بخاتە نێو کۆمەڵگەی رووسییەوە. جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا کە ئێستا پێی ناوەتە ساڵی 5ـەمیەوە، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژێرخانی ئابووریی مۆسکۆ دروست کردووە؛ تەنیا لەم مانگەدا نزیکەی هەموو 89 هەرێمەکەی رووسیا رووبەڕووی تەنگژەی وزە و سەرەگرتنی چەندین کاژێریی شۆفێران بوونەتەوە.
ئابووری11-07-2026لینکی نۆرەگرتن هاککراوە؛ مەترسی لەسەر وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کورد و تورکمان لە کەرکووک هەیە
ئابووری11-07-2026بانکی ناوەندیی عێراق بۆ رووداو: ئەمریکا رەوانەکردنی دۆلاری کاشی دەستپێکردەوە و ملیارێک گەیشتووە