رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێ، عێراق و تورکیا لەسەر پرۆتۆکۆلێکی نوێ بۆ بەردەوامبوونی هەناردەکردنی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان رێککەوتوون.
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ 3ی تەممووزی 2026، لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، حکومەتی عێراق و حکومەتی تورکیا رێککەوتن و پرۆتۆکۆلێکی کاتییان واژۆ کرد، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە بەردەوامبوونی هەناردەی نەوتی عێراق، بە نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە، لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان - جەیهانەوە.
بە گوتەی ئامانج رەحیم، ئەم پرۆتۆکۆڵە "کاتییە" و ئامانج لێی رێگەخۆشکردنە تاوەکو ئامادەکردن و واژۆکردنی رێککەوتنێکی نوێی درێژخایەن بۆ هەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە. دەشڵێت، "پێشبینی دەکرێت ئەم کارە یەک ساڵ بخایەنێت."
رێککەوتنی بۆریی نەوتی خاو بۆ یەکەمجار لە 27ی ئابی 1973 لەنێوان عێراق و تورکیا واژۆ کرا و بە گوێرەی بڕیارێکی حکومەتی تورکیا، لە 27ی تەممووزی 2026ـەوە کۆتایی دەهات.



