رووداو - دیتجاڵ بە سەرپەرشتیی وەزارەتی ئابووری و پیشەسازیی سووریا، 21ـەمین پیشانگەی نێودەوڵەتیی خۆراک (FoodExpo) لە دیمەشقی پایتەخت دەستیپێکرد. لە نێو ٣٠٠ کۆمپانیای بەشداربوودا، کۆمپانیا کوردییەکانی عەفرین و ڕۆژئاوای کوردستان بە بەرهەمە ڕەسەنەکانیان سەرنجی کڕیارانیان ڕاکێشاوە. کۆمپانیای "حەمۆ" بۆ بەرهەمەکانی زەیتوون، کە لەلایەن گەنجانی عەفرینەوە بەڕێوەدەبرێت، یەکێکە لە بەشداربووە دیارەکان. ئەم خێزانە لە ساڵی 1980ـەوە سەرقاڵی ئەم کارەن و جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەهۆی کوالێتیی بەرزی بەرهەمەکانی عەفرین، خواستێکی زۆر لەسەر زەیت و زەیتوونی ناوچەکە لە بازاڕە جیهانییەکاندا هەیە. خالید حەمۆ، بەڕێوەبەری کۆمپانیای حەمۆ، دەربارەی قەبارەی کارەکانیان بە رووداوی راگەیاند: "بڕی هەناردەکردنمان لە نێوان 5 هەزار تاوەکو 7 و 8 هەزار تۆن زەیتدایە، هەروەها ساڵانە لە نێوان 500 بۆ 1000 تۆن زەیتوون هەناردە دەکەین؛ ئەم بڕەش بەپێی ساڵەکان و دۆخی وەرزەکان دەگۆڕێت و لە نێوان ئەو ژمارانەدا دەبێت." گەڕانەوەی کۆمپانیا گەورەکان بۆ دیمەشق کۆمپانیای "ئاڵتوون کایا" کە لە ساڵی 2004ـەوە لە سووریا کار دەکات، دوای ئەوەی لە ساڵی 2011ـەوە کارەکانی لە دیمەشق و حەلەب راگرت و تەنیا لە ناوچەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر بەردەوام بوو، ئێستا دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ پشتگیریکردنی ئابووریی ناوخۆیی و رەخساندنی هەلی کار. هەیسەم حسۆ، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئاڵتوون کایا لە سووریا، دەڵێت: "بەرهەمەکانمان لە هەموو دەوڵەتانی جیهانەوە دێن، وەک برنج و چا کە لە سریلانکا ویندەوە دەهێنرێن، هەروەها شیر لە هۆڵەنداوە دەهێنین. ئێمە دەمانەوێت کارگەکانمان بهێنینە ناو سووریا، وەک هاوکارییەک بۆ سووریا و دەوڵەت، تاوەکو بەرهەمێکی جیهانی کارگەکانی لە ناو سووریادا بن." پیشانگەی "فوود ئێکسپۆ" لە 21 تاوەکو 25ـی حوزەیران بەردەوام دەبێت و نزیکەی 300 کۆمپانیای ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی تێیدا بەشدارن. پیشانگەکە چەندین جۆر بەرهەمی وەک روون، شیرینی، خۆراکی جۆراوجۆر، بەرهەمە شیرەمەنییەکان، گۆشت، مریشک، کەرەستەی خاو بۆ پیشەسازیی خۆراک و ئامێرەکانی کارگەکان لەخۆدەگرێت.