رووداو دیجیتاڵ
لە سوێد شەڕەقسەی سیاسییەکی کوردی سەر بە پارتێکی ناسراو بە دژەکۆچبەر و پەرلەمانتارێکی بە بنەچە سۆماڵی هەرای ناوەتەوە. نەوا رەفعەت، کوردە و لە هەڵبژاردنەکانی مانگی رابردووی سوێددا بەربژێر بوو لەسەر لیستی پارتی سوێدە دێموکراتەکان ( کە لەنێو سوێد بەوە ناسراون سیاسەتەکانیان زۆر دژی کۆچبەرانن).
نەوا ئەوکات لە رووماڵی تایبەتی رووداو بۆ هەڵبژاردنەکانی سوێد داکۆکیی لە هەڵوێستی پارتەکەی کرد و گوتیشی، لە داهاتوودا پێویست ناکات منداڵانی کورد لە سوێد بە کوردی قسە بکەن، چونکە، وەک ئەو باسی کرد، ئەو منداڵانە سوێدین و دەبێ بەتەواوی ببنە سوێدی. لە هەڵبژاردنەکاندا نەوا بۆ پەرلەمان دەرنەچوو و هەر لەسەر لیستی پارتەکەی خانمێک دەرچوو، کە ئەویش باوکی کوردە و دایکی فینلەندییە.
لەلایەکی دیکەوە لەو هەڵبژاردنانەدا کەسێکی بە بنەچە سۆماڵی دەرچوو بەناوی محەممەد عەلی، کە هەرایەکی گەورەی لە سوێد ناوەتەوە. سەرەتا کەسە سۆماڵییەکە بەوە تۆمەتبار کرا کە ساختەکاری کردووە. دوای ئەوە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەوە دەستیپێکرد کە ئەو محەممەد عەلییە لەوەتەی لە سوێدە، هەر سزای سەرپێچی و سزای نەدانی پارەی سەرپێچییەکان و نەدانی پارەی کرێ و زۆر شتی دیکەی لەسەرە.
ئێستا پارتی چەپ، کە پارتەکەی محەممەد عەلییە، چالاکییەکانی ئەو پەرلەمانتارە نوێیەی خۆی هەڵپەساردووە تاوەکو ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبن.
لەو نێوانەدا نەوا رەفعەت داوای کردووە محەممەد عەلی لە سوێد دەربکرێ و بنێردرێتەوە بۆ سۆماڵ، چونکە ئەو هاونیشتمانییە دەڵێ پەرلەمانتارە سۆماڵییەکە نە بەکەڵکی پەرلەمانتاری دێ و نە کەڵکی ئەوەیشی هەیە هاووڵاتیی سوێد بێ.
محەممەد عەلی، کە مانگی دووی ئەم ساڵ بووە هاووڵاتیی سوێد، وەڵامی نەوا رەفعەتی داوەتەوە و پێی گوتووە: "تۆ کەری نێو ئەسپانی"! نەواش وەڵامیداوەتەوە و دەڵێ ئەو پێناسەیە بۆ خۆت گونجاوترە.
