رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئەڵمانیا و هۆڵەندا و وڵاتانی دیکەی ئەورووپا بەدوای هاونیشتمانییەکەوەن کە پێنج رۆژە هەڵاتووە. دیار گیوندووز، رۆژی 18ی 10ی 2026 کارێکی کرد کە ئەڵمانیای هەژاند. وەزیری دادی ئەڵمانیا دەڵێ، ئەوەی روویداوە "دەستدرێژییە بۆ سەر دەوڵەتی یاسا" لە وڵاتەکەیاندا.
دیار تەمەنی 34 ساڵە و لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا وەک سەرپەرشتیاری تۆڕێکی مەترسیداری بازرگانی بە مادەی هۆشبەر ناسراوە. دادگای ئەڵمانیا ئەوەی سەلماندووە کە تۆڕەکەی دیار مادەی هۆشبەری لە ئەمریکای لاتین و ئیسپانیاوە بردوەتە هۆڵەندا و لەوێشەوە بردوویەتییە نێو ئەڵمانیا. جگە لەوە ئەوەشی سەلماندووە کە دیار بۆ ماوەیەکی زۆر یەکێک لە رکابەرەکانی لە شاری دیوزبورگی ئەڵمانیا لە کۆگایەکدا دەستبەسەر کردووە و ئەشکەنجەی داوە. لەسەر ئەمەش لە ئەڵمانیا بە 17 ساڵ زیندان حوکم دراوە.
چیرۆکەکە بەم شێوەیە: رۆژی یەکشەممەی رابردوو، لە شاری (ئێسن)ی ئەڵمانیا، دیار لەلایەن پۆلیسەوە دەگوازرێتەوە نەخۆشخانە بۆئەوەی پشکنینێکی رادیۆلۆژیی بۆ بکرێ. بەڵام لەوێ ژمارەیەک چەکدار بە دەمامکەوە چوونە ژوورەوە و پۆلیسەکان ناکارا دەکەن. ئینجا کەلەپچەکانی دەستی دیار دەکەنەوە و لەگەڵ خۆیان دەیبەن.
ئەو رووداوە چەند رۆژە لە ئەڵمانیا هەرایەکی گەورەی ناوەتەوە. پەرلەمانی نۆردراین-ڤێستڤالن لەسەر رووداوەکە کۆبووەتەوە و دەپرسێ چۆن دەبێ لە ئەڵمانیا شتی وا روودەدات؟! چۆن دەبێ کۆمەڵێک چەکدار هێندە بەئاسانی بەسەر نەخۆشخانەیەکدا بدەن و ئەوەی پێیانخۆشە بیکەن و بۆی دەرچن و کەسیش نەزانێ چییان لێهاتووە؟! ئەوەش دەپرسن کە چۆن دەبێ تۆڕەکەی ئەو هاونیشتمانییە هێندە بەهێز بێ کە بەوردی زانیبێتی چ کاتێک دیار دەبردرێتە نەخۆشخانە و دەیبەنە کام بەشەی نەخۆشخانەکە؟! ئەمانە ئەو پرسیارانەن تەنیا پەرلەمانی ئەو هەرێمە نا، بەڵکو پۆلیسی فیدراڵیی ئەڵمانیا و رای گشتیی ئەم وڵاتەشی لەم رۆژانەدا بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە.
دوایین زانیارییەکانیش لەسەر رووداوەکە، کە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی پۆلیسن، شتی باڵکێش دەردەخەن. یەکەمیان ئەوەیە کە سەرەتا بەو جۆرە بڵاوکرایەوە کە چەکدارە هێرشبەرەکان چەکی پۆلیسەکانیان بردووە. ئێستا دەرکەوتووە چەکیان لە یەکێکیان ستاندووە و دوایی فڕێیانداوە. پۆلیسی دووەمیش چەکەکەی هەر بە پشتێندەوە بووە و دەرینەهێناوە. دووەمیش، وا بڵاوکرایەوە کە هێرشبەرەکان نارنجۆکیان پێبووە. ئێستا دەرکەوتووە نارنجۆکەکە ساختە بووە.
پۆلیس داوای هاوکاری لە خەڵک دەکات بۆ دۆزینەوەی دیار گیوندووز، بەڵام هۆشداریش دەدات و دەڵێ لە هەر شوێنێک بینیتان، نەکەن لێی نزیک ببنەوە. تەنیا پەیوەندی بە پۆلیسەوە بکەن و لێیگەڕێن بۆ خۆمان!
