رووداو دیجیتاڵ
لە هۆڵەندا کێشەیەکی گەورە بۆ نیشتەجێکردنی پەناخوازان لە کەمپەکاندا هەیە. بۆیە حکومەت داوا لە خەڵک دەکات هەندێک پەناخواز ببەنە ماڵەکانیان. کەنیسەکانی هۆڵەنداش دەستپێشخەرییەکیان کردووە و دەڵێن، ئەوانەی مافی مانەوەیان وەرگرتووە و شوێنی نیشتەجێبوونیان نییە، دەیانبەنە لای خۆیان.
وردە وردە خەریکە لە ئەورووپا سەرما و سۆڵە دەستپێدەکات. لە هۆڵەندا ژمارەیەکی زۆر پەناخواز هەن کە مافی مانەوەیان وەرگرتووە، بەڵام حکومەت ناتوانێ خانووی کرێیان بۆ دابین بکات یان بدۆزێتەوە و لە کەمپەکان بیانباتە دەرەوە. بەهۆی چوونی پەناخوازی نوێشەوە کەمپەکان پڕ بوون و شوێنی نیشتەجێکردنی پەناخوازی نوێ نەماوە.
بۆیە حکومەت دەستیکردووە بە هەڵمەتێک بۆ هاندانی ئەوانەی خانوویان هەیە یان ژووری زیادیان هەیە بۆئەوەی ئەو پەناخوازانەی مافی مانەوەیان هەیە یان پەناخوازی خوار تەمەن هەژدە ساڵن وەربگرن. بەرامبەر لەخۆگرتنی هەر پەناخواز یان منداڵێکیش مانگانە 150 یۆرۆ وەک یارمەتی وەربگرن.
ئێستا هەر پەناخوازێک لە کەمپێکی پەنابەراندا بمێنێتەوە هەفتانە 15 یۆرۆ بۆ جلوبەرگ و پێداویستییەکانی دیکە و 60 یۆرۆش بۆ خواردن وەردەگرێ. ئەگەر کەسەکە بچێتە سەر ماڵێک (کە بۆ نموونە دەکرێ خزمێکی بێ لە هۆڵەندا) بۆخۆی مانگانە 360 یۆرۆ لە حکومەت وەردەگرێ و خاوەنماڵەکەیشی 150 یۆرۆ وەردەگرێ.
