رووداو دیجیتاڵ
دادگایەکی بەریتانیا سزای زیندانیکردنی بەسەر دوو هاونیشتمانییدا سەپاند، ئەویش دوای ئەوەی بە تاوانی بازرگانیکردن و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر (کۆکایین) بە تاوانبار ناسێندران. هەردوو هاونیشتمانییەکە تەمەنیان 25 ساڵە و لەکاتی دەستگیرکردنیاندا چەقۆ و بۆکسخەنجەریان پێ گیراوە، ئەمەش دۆسێکەیانی لەبەردەم یاسادا قورستر کردووە.
رووداوەکە لە شاری وۆرسێستەر لە بەریتانیا روویداوە. پۆلیسی بەریتانی دوای چاودێریکردنێکی ورد، لە هەڵمەتێکدا هەڵدەکوتێتە سەر شوێنی مانەوەی دوو هاونیشتمانییەکە، کە ناوەکانیان لای بەرنامەی (دیاسپۆرا)ی رووداو پارێزراوە. لە راگەیێندراوی پۆلیسدا هاتووە کە لەکاتی گەڕان و پشکنیندا "جانتایەک کە کۆکایینی تێدا بووە و چەقۆ و بۆکسخەنجەر" دۆزراونەتەوە. بوونی چەکی سپی لەپاڵ مادەی هۆشبەردا بەوە لێکدراوەتەوە کە ئەو دوو گەنجە تێکەڵی تۆڕێکی تاوانکاری بوونە
بەپێی زانیارییەکانی دیاسپۆرا، پاش خستنەڕووی بەڵگەکان، دوو گەنجەکە لەبەردەم دادوەردا دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە. بەهۆی داننان بە تاوانەکە و قەبارەی مادە هۆشبەرەکان، دادوەر بڕیاریداوە سزای 33 مانگ زیندان بەسەر یەکێکیان و 30 مانگ زیندانیکردن بەسەر ئەوەی دیکەیاندا بسەپێنێت.
بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان یەکێکە لەو تاوانانەی پۆلیسی بەریتانیا بە تووندی رووبەڕووی دەبێتەوە. تێوەگلانی گەنجی کورد لەو جۆرە تاوانانەدا جێگەی نیگەرانیی دیاسپۆرای کوردستانییە لە بەریتانیا. ئەوانەی لە بەریتانیا بەشداریی بەرنامەی دیاسپۆرایان کردووە، هەمیشە هۆشداری دەدەن لە مەترسییەکانی تێکەڵبوونی گەنجان بە گرووپە تاوانکارییەکان و دەڵێن ئەمە نەوەک تەنیا داهاتووی خۆیان دەخاتە مەترسییەوە، بەڵکو وێنەی کوردیش لەو وڵاتەدا دەشێوێنێت.




