رووداو دیجیتاڵ گەنجێکی کوردی خەڵکی کەرکووک لە ویلایەتی جۆرجیای ئەمریکا، دوای تێپەڕاندنی چەندین قۆناخی سەخت و وەرگرتنی خەڵاتی رێزلێنان لەسەر ئاستی ویلایەتەکە، پلەی "چیف مارشاڵ"ی بەدەستهێنا و ئێستا سەرپەرشتی بنکەیەکی پۆلیس دەکات. محەممەد ساڵەیی، گەنجێکی کوردستانییە، لە ئامادەیییەوە چوەتە ئەمریکا و لەگەڵ خوێندن، لە چێشتخانە کاری کردووە و خەریکی وەرزشی بۆکسێنیش بووە. ئەو هاونیشتمانییە دواتر چووەتە زانکۆ و بەشی یاسا و دادپەروەری تەواو کردووە و رووی لە راهێنانەکانی پۆلیس کردووە. لە سەرەتای چوونە نێو راهێنانەکانی پۆلیس، ساڵەیی توانی خەڵاتی لێهاتوویی جەستەیی لەنێو 30 راهێنراودا بەدەستبهێنێت. ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت: "زۆر شانازیم پێوە دەکرد، لەبەر ئەوەی لەگەڵ نزیکەی 30 کەسی دیکە لەو راهێنانە بەشداریم کردبوو." هاونیشتمانییەکە لە ماوەی کارکردنیشیدا ئەزموونێکی زۆری لە رووبەڕووبوونەوەی باندەکانی مادەی هۆشبەر و گرووپە تووندوتیژەکان کۆکردووەتەوە. سەبارەت بە ئەرکی ئێستای، محەممەد ساڵەیی ئاماژە بەوە دەکات کە وەک «چیف مارشاڵ» سەرپەرشتی ئۆفیسەکە و چاودێری تەواوی کارەکان دەکات. ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت: "لێرە بەدوای دۆسیە و کێشەکانی خەڵکدا دەچین، لە هەمان کاتدا ئەگەر بنکەکانی دیکە لە هەر شارێکی جۆرجیا پێویستیان بە یارمەتی بێت، هاوکارییان دەکەین." لە ئەرکە مەیدانییەکانیدا، ئەم گەنجە کوردە چەندین کاری ئازایانەی ئەنجامداوە. لە یەکێک لە رووداوەکاندا، ژنێکی بەتەمەنی لەنێو خانوویەکی گڕگڕتوودا لەنێو ئاگر رزگارکردووە. ساڵەیی لەبارەی ئەو رووداوەوە دەڵێت: "گوێم لە دەنگی ئافرەتێکی بەتەمەن بوو داوای یارمەتی دەکرد، دووکەڵێکی زۆر هەبوو و نەوەستام تاوەکو ئاگرکوژێنەوە بێت، چوومە ژوورەوە و لە خانووەکە هێنامە دەرەوە و رزگارم کرد." لە رووداوێکی دیکەدا، ئەو هاونیشتمانییە رووبەڕووی کەسێک بووەوە کە هەوڵی رفاندنی ژنێکی دەدا و ژنەکەی رزگارکرد. بەهۆی ئەو ئازایەتیەی، خەڵاتی لەسەر ئاستی ویلایەتی جۆرجیا پێبەخشراوە. هەروەها لە ساڵی 2025 وەک باشترین پۆلیس لە شاری مانچستەر دەستنیشانکرا. سەرەڕای ساردکردنەوەی لەلایەن دەوروبەریەوە بەهۆی ناوەکەی و ناسنامەکەیەوە، بەڵام سوور بووە لەسەر بەدیهێنانی ئامانجەکەی. محەممەد لەو بارەوە پەیامێک ئاراستەی گەنجان دەکات و دەڵێت: "کە یەکەمجار بەتەمای ئەم کارە بووم، هەندێک کەس پێیان گوتم تۆ وەرناگیریێت لەبەر ئەوەی ناوت محەممەدە، بەڵام گوێم پێنەدان و بەردەوام بووم، داوا لەوانیش دەکەم بەردەوام بن و گوێ لە خەڵک نەگرن."