رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی زاکسن ئەنهالتی رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا، کێبڕکێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لەنێوان پارتە سیاسییەکاندا گەیشتووەتە لووتکە؛ لەنێو 398 بەربژێردا، تەنیا یەک بەربژێری کورد بەناوی 'مامەد محەممەد' لەسەر لیستی پارتی سەوز (Grünen) کێبڕکێ دەکات بۆ بەدەستهێنانی کورسییەک لە پەرلەمانی ئەو هەرێمەدا.
ئەم هەڵبژاردنە لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە هەڵکشانی پارتی راستئاژۆی دژەکۆچبەران (AfD) لە راپرسییەکاندا ترس و نیگەرانیی دروستکردووە. وەک هەڵوێستێک بەرامبەر ئەو رەوشە، بەشێک لە دووکاندارە کۆچبەرەکانی هەرێمەکە بۆ یەک رۆژ ئیشەکەیان راگرت، تاوەکو رۆڵی گرنگی خۆیان لە ئابووریی ئەڵمانیادا نیشان بدەن.
مامەد محەممەد خەڵکی عەفرینی رۆژئاوای کوردستانە و لە ساڵی 1996ـەوە لە ئەڵمانیا دەژی، هەوڵدەدات نوێنەرایەتیی دەنگی کۆچبەران لە پەرلەماندا بکات. ئەو بەربژێرە لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم کەسێکی کۆچبەر بۆ گەیشتن بە پەرلەمان دەڵێت، "نزیکەی 15 ساڵ پێش ئێستا لە پارتە سیاسییەکانم دەپرسی: ئایا کەسێک بەناوی (محەممەد) دەتوانێت لەم شارەدا ببێتە ئەندامی پەرلەمان؟ کەس وەڵامی نەدامەوە. بەڵام ئەمڕۆ کاتی ئەوە هاتووە. بە پارتی سەوزەکانیشم گوتووە: ئەگەر دەتانەوێت کەسێکی بیانی بێننە نێو پەرلەمان، دەبێت ستراتیژێکی روونتان هەبێت."
لە هەرێمی زاکسن ئەنهالت، زیاتر لە دوو ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، کە لەنێویاندا نزیکەی 70 هەزار دەنگدەری خاوەن پاشخانی کۆچبەرین. مامەد پێیوایە ئەم دەنگانە دەتوانن هاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندیی دیموکراسی وەربگەڕێنن و رێگری لە دەسەڵاتگرتنە دەستی راستڕۆکان بکەن، "دەنگی بیانییەکان لەم هەرێمەدا زیادی کردووە. ئەم 70 هەزار دەنگدەرە کۆچبەرە دەتوانن هاوکێشەی دیموکراسی بگۆڕن. ئەگەر پارتی سەوز و پارتەکانی دیکە دەنگی پێویست بهێنن و بچنە پەرلەمان، پارتی (AfD) ناتوانێت حکومەت پێکبهێنێت و دەسەڵاتی هەرێمەکە بگرێتە دەست."
لە کۆی 398 بەربژێر کە لەسەر 16 لیستی جیاواز کێبڕکێ لەسەر 97 کورسییەکەی پەرلەمانی زاکسن ئەنهالت دەکەن، تەنیا 5 بەربژێری کۆچبەر بوونیان هەیە، لەوانیش تەنیا 3یان لە دەرەوەی ئەڵمانیا لەدایکبوون. مامەد محەممەد پێشتر سەرۆکایەتیی فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆچبەرانی کردووە، ئەگەر پارتی سەوز بتوانێت 5%ی دەنگەکان تێپەڕێنێت، دەبێتە تاکە نوێنەری کورد و کۆچبەران لە پەرلەمانی ئەو هەرێمەدا.



