رووداو دیجیتاڵ
دایک و باوکێکی کوردی خەڵکی باکووری کوردستانی نیشتەجێی ئەڵمانیا رەوانەی تورکیا کراونەتەوە، بەڵام سێ منداڵیان لێ جیاکراونەتەوە و لە ئەڵمانیا هێڵدراونەتەوە.
ئەو دایک و باوکە گەڕێندراونەتەوە شارۆچکەی هەزەخی لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان، بەڵام سێ منداڵەکەیان لەلایەن دامەزراوەی پاراستنی منداڵان لە ئەڵمانیا جیاکراونەتەوە و رێگەنەدراوە لەگەڵ دایک و باوکیان بگەڕێنەوە.
مەتین کایا، باوکی منداڵەکان لەبارەی چۆنیەتیی رووداوەکە و جیاکردنەوەیان لە منداڵەکانیان بە رووداوی راگەیاند: "ساڵی 2023 ئێمە بە قاچاخ هاتینە ئەڵمانیا. من و هاوژینەکەم منداڵێکمان هەبوو، لەوێش دوو منداڵی دیکەمان بوو. لە 3ـی حوزەیران ئێمەیان خستە زیندانەوە و لەوکاتەوە منداڵەکانمان نەدیوە. ئێمە داوای منداڵەکانمان دەکەین، نە تەلەفۆن نە هیچیان پێ نەداوین، تەنانەت لەرێگەی ئۆنلاینیشەوە ناتوانین منداڵەکانمان ببینین. ئێمە تەنیا منداڵەکانمان دەوێت."
ئۆزلەم ئایدن، دایکی منداڵەکان، بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە باسی لە دوورکەوتنەوە لە منداڵەکانی کرد و گوتی: "سێ منداڵمان هەن: قومری کایا (سێ ساڵ)، عەگید کایا (دوو ساڵ) و لاڤین کایا (شەش مانگ). منداڵەکانی خۆم دەوێت. چۆن دەبێت منداڵ لە دایکی جیابکرێتەوە؟ دڵمان هیچ ناگرێت، هەموو شتێکمان قبووڵ کرد، بەڵام تەنیا منداڵەکانمان بدەنەوە."
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی هێسن لە وەڵامی رووداودا رایدەگەیێنێت کە لە کۆتایی ساڵی 2025ـدا فەرمانگەی کۆچ و پەنابەران داواکاریی پەنابەریی ئەو خێزانەی رەتکردووەتەوە. لە شوباتی 2026ـدا دادگەی کارگێڕیی فرانکفۆرت بڕیاریداوە لەبەر بەرژەوەندیی منداڵەکان، مافی بەخێوکردن بەشێوەیەکی کاتی لای دایک و باوکیان نەمێنێت.
تۆماس شێرنبێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەنجوومەنی کۆچبەران لە فرانکفۆرت لەبارەی کێشەی ئەم خێزانە رایدەگەیێنێت: "جیاکردنەوەی منداڵەکان لە دایک و باوکیان پەیوەندیی بە دیپۆرتکردنەوە نەبووە. لەلایەک فەرمانگەی گەنجان لەبەر بەرژەوەندیی منداڵەکان، منداڵەکانی لە خێزانەکە سەندووەتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە فەرمانگەی کۆچبەران بڕیاریداوە دایک و باوکەکە کە هەڵگری وڵاتینامەی تورکیان، دیپۆرت بکاتەوە بێئەوەی رەچاوی دۆخی منداڵەکان بکات."
ئەو پارێزەرەی کە کار لەسەر دۆسیەی ئەم خێزانە دەکات، بە رووداوی راگەیاند: "دادگا بڕیاریداوە کە دانیشتنێک لەنێوان نوێنەرانی فەرمانگەی گەنجان و دادگادا سازبکرێت بۆ ئەوەی بڕیار بدرێت ئایا سێ منداڵەکە لێرە لە ئەڵمانیا دەمێننەوە یان بنێردرێنەوە بۆ لای دایک و باوکیان لە تورکیا. بەڵام ئەو منداڵانەش لەبەر ئەوەی مافی پەنابەرییان نییە، مەترسیی دیپۆرتکردنەوەیان لەسەرە."



