رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی بەریتانیا گەنجێکی کوردی دەستگیرکرد کە پێشتر لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی کەناڵی ئەو وڵاتەدا بە قاچاخچێتیی مرۆڤ تۆمەتبار کرابوو. دوای گەیاندنی بە دادگا، دادوەر تۆمەتی ساختەکاریی بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری رەتکردەوە، بەڵام بڕیاریدا تاوەکو مانگی دەی ئەمساڵ لە زینداندا بمێنێتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، رۆژی سێشەممەی رابردوو، پۆلیسی بەریتانیا گەنجێکی کوردی بە ناوی (توانا کەی) دەستگیرکرد و رۆژی دواتریش دادگایی کرا.
لە دادگاییەکەدا، دادوەر لەسەر تۆمەتی هاتنە ناوەوەی نایاسایی (بە قاچاخ) بۆ نێو خاکی بەریتانیا، توانای بە تاوانبار ناساند، کە ئەمەش حاڵەتێکە زۆربەی کۆچبەرانی دیکەش بەو شێوەیە دەچنە ئەو وڵاتە، بەڵام لەسەر تۆمەتی هەوڵدان بۆ ساختەکاری بۆ وەرگرتنی مافی مانەوە، دادوەر بێتاوانیی توانای راگەیاند و بەوەش بانگەشەکانی کەناڵی بی بی سی بە راست نەزانرا.
دادگا بڕیاریدا ئەو گەنجە کوردە لە زینداندا بمێنێتەوە و مانگی دەی ئەمساڵ دانیشتنێکی دیکەی دادگای بۆ سازدەکرێت.
راپۆرتەکەی بی بی سی و داخستنی دووکانەکەی توانا
پێشتر لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی کەناڵی (بی بی سی)دا وا دەرخرابوو کە توانا لە فەرەنسا لەسەر قاچاخچێتی بە کۆچبەران دەستگیرکراوە و چەند ساڵێکیش لە زینداندا بووە. بەپێی راپۆرتەکە، ناوبراو دوای ئازادبوونی، راستەوخۆ پەڕیوەتەوە بەریتانیا و لەوێ داوای مافی پەنابەریی کردووە.
تیمی بنکۆڵکارییەکە رایانگەیاندبوو کە خۆیان شایەتی ئەوە بوونە ئەو گەنجە لە شارۆچکەیەکی بچووکی ئینگلاند دەژی، دووکانی هەیە و بەبێ مۆڵەتی شۆفێریش ئۆتۆمبێل لێدەخوڕێت. تەنانەت لە بەردەم دووکانەکەشیدا بە ڤیدیۆ قسەیان لەگەڵکردبوو.
دوای بڵاوبوونەوەی چیرۆکەکەی توانا، سەرەتای ئەم مانگە پۆلیس دووکانەکەی داخست. پۆلیس هۆکاری داخستنەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە خەڵکی ناوچەکە هێرشی نەکەنە سەر و پشێوی لەو ناوچەیەدا دروستنەبێت.
سەرنجی بی بی سی لەسەر کۆچبەرانی کورد
ماوەیەکە کەناڵی (بی بی سی) زوو زوو راپۆرت لەسەر دیاسپۆرای کورد لە بەریتانیا و چوونی کۆچبەرانی کورد بە قاچاخ بۆ ئەو وڵاتە بڵاودەکاتەوە.
پێشتریش کەناڵەکە راپۆرتێکی لەسەر گەنجێکی دانیشتووی رانیە کرد کە پیشەی نانەوا بوو و بە "قاچاخچییەکی گەورە" ناوی برد. ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم کەیسە نوێیەدا، توانا خەڵکی هەمان ئەو ناوچەیەیە کە پێشتر کەناڵەکە راپۆرتی لەسەر کردبوو.



