رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی هەرێمی نۆردراین ڤێستڤالن لە ئەڵمانیا، بۆ یەکەمجار رێگەی بە میدیای بەریتانیا دا ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی گەورە رووماڵ بکەن، کە تێیدا دەست بەسەر 9,000 ئێلەگی ژیان (ئێلەگی رزگارکردن)، ژمارەیەکی زۆر بەلەمی چووپ و 360 پەمپی هەواتێکردندا گیراوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم کەرەستانە لە تورکیاوە دەهێندرێنە ئەڵمانیا و لەوێشەوە دەنێردرێنە فەرەنسا، بەمەبەستی بەکارهێنانیان بۆ پەڕاندنەوەی کۆچبەران بە نایاسایی لە نۆکەندی ئینگلیزەوە بەرەو بەریتانیا.
ئۆپەراسیۆنەکە لە کۆتایی مانگی ئاداری ئەمساڵدا ئەنجامدراوە و 500 پۆلیس تێیدا بەشدار بوون. لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا، لە شارەکانی ئێسن، گێلسنکیرشن و سێ شوێنی دیکەی دەوروبەری، 15 کۆگا و شوێنی گومانلێکراو پشکندراون و چوار کەسیش دەستگیرکراون.
میدیای بەریتانیا لە رووماڵکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا بڵاویکردووەتەوە، ئەو کەسانەی کەرەستەکانیان کۆکردووەتەوە و بۆ پەڕاندنەوەی کۆچبەران بەکاریانهێناوە "کوردن".
بەڵام لەبەرامبەردا، بەپێی بەدواداچوونەکانی بەرنامەی (دیاسپۆرا) لە تۆڕی میدیایی رووداو، دەرکەوتووە کە هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی و بڕواپێکراوی ئەڵمانی ئەو زانیارییەی پشتڕاست نەکردووەتەوە. بەگوێرەی بەدواداچوونەکان، لایەنی ئەڵمانی بە هیچ شێوەیەک ئاماژەی بەوە نەکردووە کە دەستگیرکراوەکان یان ئەوانەی کەرەستەکانیان بۆ بەقاچاخبردنی کۆچبەران بەکارهێناوە، کورد بن.



