رووداو دیجیتاڵ
هەرێمی برێمن لە ئەڵمانیا، ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لە مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵەوە، دەست بە پرۆژەیەکی نوێ بکات بۆ پێگەیاندنی مامۆستایانی زمانی کوردی، ئەوەش بە مەبەستی پڕکردنەوەی کەمیی مامۆستایانی ئەو بوارە لە قوتابخانەکاندا.
پرۆژەکە بە هاوکاریی رێکخراوی (یەکمال) جێبەجێ دەکرێت. ئامانج لەم هەنگاوەی ئەنجوومەنی سێناتی برێمن، چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەیە کە دوای 34 ساڵ لە بەدەستهێنانی مافی خوێندن بە زمانی کوردی، هێشتا ژمارەی مامۆستایان زۆر کەمە.
لە ساڵی 1992ـەوە، برێمن یەکەمین شار و یەکەی کارگێڕیی سەربەخۆ بوو لە ئەڵمانیای فیدراڵ کە مافی خوێندنی بە زمانی کوردی دایە منداڵانی کوردی دیاسپۆرا، بەڵام لە ئێستادا تەنیا لە 8 قوتابخانەی شارەکە وانەی زمانی کوردی دەگوترێتەوە و تەنیا 248 قوتابیی کورد لێی سوودمەندن.
بەرپرسانی پەروەردەیی هەرێمەکە ئەم ئامارە بە کەم دەزانن و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە تەنیا 2 مامۆستای هەمیشەیی بۆ وانەگوتنەوە بە زمانی کوردی لەبەردەستدان، بۆیە لەرێگەی ئەم پرۆژە هاوبەشەوە دەیانەوێت بنکەی مامۆستایانی زمانی کوردی فراوانتر بکەن.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)