رووداو دیجیتاڵ
رۆژی 27ی حوزەیرانی 2024، پێشانگەیەکی تاکەکەسیی هونەرمەند و نووسەری هونەریی کورد، حەمە هاشم، بە ناونیشانی "Faces of the Aftermath" (رووخسارەکانی دوای کارەسات) لە گەلەریی ریپێراج لە شاری ئۆرادیای رۆمانیا کرایەوە.
پێشانگەکە، کە بەرهەمی چەند ساڵێکی کارکردنی بەردەوامی حەمە هاشمە، 52 تابلۆی نوێی لەخۆگرتووە. تابلۆکان گوزارشتیان لەو رووخسارە ماندوو و ئازارچەشتووانە دەکەن کە جەنگ، تووندوتیژی و رووداوە نەخوازراوەکان شوێنەواری تاڵیان لەسەر بەجێهێشتوون. هونەرمەندەکە لە رێگەی دیدێکی ئێکسپرێشنیستییەوە (هونەری دەربڕینخوازی) کاریگەرییە وێرانکارییەکانی جەنگ و ناخۆشییەکانی سەر جیهان بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، پێشان دەدات.
حەمە هاشم، لەبارەی پێشانگەکەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشوازییەکی گەرم لە پێشانگەکەم کرا. رۆژی یەکەم تایبەت بوو بە بانگهێشتە فەرمییەکان، لەوانەش هونەرمەندان، رۆشنبیران و رەخنەگرانی هونەری. ئەمڕۆش دەرگا بۆ هەموو چین و توێژەکان کراوە بوو."
هونەرمەندەکە هەروەها گوتی: "ئەم پێشانگەیە تایبەتمەندیی خۆی هەیە، چونکە ئەم گەلەرییە ساڵانە تەنیا 6 پێشانگە بۆ 6 هونەرمەند دەکاتەوە و هەر پێشانگەیەک دوو مانگ بەردەوام دەبێت. منیش توانیم تێیدا بەشدار بم. ئەمە دەیسەلمێنێت کە نەک تەنیا من بەڵکو زۆربەی شێوەکارانی کورد لە پێشانگە نێودەوڵەتییەکاندا ئامادەبوونێکی بەرچاویان هەیە و سەلماندوویانە کە کوردستان خاوەنی شێوەکاری بەتوانایە کە لە ئاستی پێشەوەی زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندان."
