رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی راگەیاند، هەوڵەکان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامن و دەشڵێت، "دوای جەژن هەوڵ دەدەین کۆبوونەوەی نێوان لایەنە سیاسییەکان دەستپێبکاتەوە."
رۆژی چوارشەممە 27ی ئایاری 2026 پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە روانگەی خەمخۆریی سەرۆک بارزانییەوە کە هەمیشە هەوڵ بۆ چارەسەری کێشەکان دەدات، هیوادارین هەموو لایەنە سیاسییەکان و لەنێویشیاندا پارتی دیموکراتی کوردستان، هەنگاوی کردەیی بنێن بۆ ئەوەی پەرلەمانی کوردستان کارا بکەینەوە."
لەبارەی گرنگیی پەرلەمان وەزیری ئەوقاف گوتی، "لەم قۆناخەدا گرنگە پەرلەمان وەک دەزگایەکی شەرعی، کە بە دەنگی خەڵک دروستبووە، کارا بکرێتەوە، هەموو هەوڵەکانیشمان بۆ کاراکردنەوەی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پشتیوان سادق باسی لە پەیوەندیی نێوان لایەنەکان و بەتایبەت پارتی و یەکێتی کرد و دەڵێت، "ئێمە و یەکێتی و لایەنەکانی دیکە دووژمنی یەکتر نین، بەردەوام پەیوەندیمان هەیە و جەژنە پیرۆزەمان لە یەکتر کردووە. هەوڵی جدیش دەدەین کە دوای جەژن، کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی و لایەنەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن دەستپێبکاتەوە."
زیاتر لە ساڵ و نیوێکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچووە، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنە سیاسییەکان نەگیشتوونەتە رێککەوتن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی دەیەم.