رووداو دیجیتاڵ
یاریی نێوان یانەی نەورۆز و موسڵ لە گەڕی 37ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، بە یەکسانبوونی هەردوو یانە بە گۆڵێک بۆ هەر لایەکیان کۆتاییهات.
نەورۆز لەنێو یاریگای خۆی و لەبەردەم هاندەرانی میوانداریی یانەی موسڵی کرد. یانەی میوان لە گێمی یەکەمدا دەستپێشخەری کرد و لە خولەکی 27ـدا عەلادین دالی توانی گۆڵی پێشکەوتن بۆ موسڵ تۆماربکات، لە خولەکی 39ـی یارییەکە نەورۆز لێدانێکی سزای بۆ هەژمارکرا بەڵام مەڕوان حوسێن نەیکردە گۆڵ و گۆڵپارێزی کوردی موسڵ عیمران زەکی تۆپەکەی گەڕاندەوە.
نەورۆز لە گێمی دووەمدا بە پلانێکی هێرشبەرانە هاتە نێو یاریگا و تەنیا پێنج خولەک بەسەر دەستپێکردنەوەی یارییەکە تێپەڕی، محەممەد رەزا بە ئاسیستێکی نایابی محەممەد دلاوەر لە خولەکی 50ـدا گۆڵی یەکسانبوونی بۆ یانەی خاوەن ماڵ تۆمار کردەوە. ململانێی هەردوو یانە تاوەکو خولەکەکانی کۆتایی بەردەوام بوو، بەڵام لە خولەکی 90ـدا محەممەد دلاوەر بە کارتی سوور لە یارییەکە دەرکرا.
بەم یەکسانبوونە نەورۆز کۆی خاڵەکانی کردە 54 خاڵ و لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی دێت و موسڵ بە 44 خاڵ پلەی چواردەمی ریزبەندی گرتووە.
