رووداو دیجیتاڵ
جواو کانسێلۆ، بەرگریکاری پۆرتوگالی، دوای کۆتاییهاتنی ماوەی خواستنەکەی لە یانەی بارسێلۆنا، پەیامێکی کاریگەری بڵاوکردەوە کە هەوادارانی یانە کەتەلۆنییەکە وەک 'تکایەک بۆ مانەوە' لێکی دەدەنەوە.
کانسێلۆ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام، نووسینێکی دوورودرێژی بڵاوکردەوە و تێیدا سەرسامیی خۆی بۆ فەلسەفە و ناسنامەی
بارسێلۆنا دەربڕی. کانسێلۆ نووسیویەتی"بارسێلۆنا تەنیا یانەیەک نییە؛ شانۆیەکە کە تێیدا تۆپی پێ دەبێتە هونەر و یاریزانە تایبەتەکانیش مێژووی لێ تۆمار دەکەن".
ئەو یاریزانە پۆرتوگالییە لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە کە شێوازی یاریکردنی ئەو لەگەڵ بارسا دەگونجێت و نووسیویەتی "جواو بۆ ئەم ستایلە و بۆ ئەم درێسە لەدایکبووە. لە بارسا ئەو تەنیا یاریزانێک نابێت، بەڵکو دەبێتە کارەکتەرێکی سەرەکی و ئیلهامبەخش. شارەکە، یانەکە و هاندەران ئامادەن بەو شێوەیەی شایستەیە پێشوازی لێ بکەن."
سەرەڕای ئەم پەیامە پڕ لە سۆزە، هێشتا داهاتوویەکی نادیاری لە نێوان بارسا و هیلالدا هەیە. یانەی هیلالی سعودی، کە خاوەنی گرێبەستی یاریزانەکەیە، ئامادە نییە بەئاسانی و بە نرخێکی هەرزان دەستبەرداری بێت. هیلال دەیەوێت زۆرترین دەستکەوتی دارایی لە فرۆشتنی کانسێلۆ هەبێت، بەتایبەت دوای ئەو ئاستە بەرزەی وەرزی رابردوو لەگەڵ بارسا پێشکێشی کرد.
کێشە داراییەکانی بارسا بەربەستی سەرەکییە
بارسێلۆنا ئارەزوویەکی زۆری هەیە کانسێلۆ بهێڵێتەوە، چونکە ئەو یاریزانە لە وەرزی رابردوو سەلماندی کە دەتوانێت لە باڵی
راست و چەپی بەرگریدا وەک یاریزانێکی کاریگەر یاری بکات. بەڵام کێشە داراییەکانی یانە کەتەلۆنییەکە و پرسی مووچەی یاریزانان، وادەکات دانوستاندنەکان لەگەڵ یانە سعودییەکە ئاڵۆز بن.
