رووداو دیجیتاڵ
یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی جارێکی دیکە باڵادەستی خۆی بەسەر کیشوەری ئەورووپادا سەپاند و بۆ دووەم ساڵی لەسەریەک بووەوە بە هەڵگری نازناوی چامپیۆنزلیگ، دوای ئەوەی لە یارییەکی مێژوویی و پڕ لە رکابەریدا لە پایتەختی هەنگاریا، توانی لە یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی بباتەوە.
ئەم سەرکەوتنە گەورەیە دوای ئەوە هات کە کاتی یاسایی و زیادکراوی یارییەکە بە یەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ هەردوولا کۆتایی هات، بەڵام لە کاتی یەکلاکەرەوەدا و لە رێگەی لێدانە سزاکانەوە، کوڕانی پاریس بە ئەنجامی چوار گۆڵ بەرامبەر بە سێ گۆڵ سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و جامی چامپیۆنزلیگیان بۆ پاریس گەڕاندەوە.
ئەم دەستکەوتە گەورەیە پاریس سانجێرمان دەخاتە ریزی ئەو یانە دەگمەنانەی کە توانیویانە لە سەردەمی نوێی پاڵەوانێتییەکەدا بۆ دوو وەرزی یەک لە دوای یەک نازناوەکە ببەنەوە، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە پڕۆژە وەرزشییەکەی یانە فەرەنسییەکە گەیشتووەتە لووتکەی سەرکەوتن و چیدیکە تەنیا یانەیەکی دەوڵەمەند نین، بەڵکو بوونەتە جەمسەرێکی سەرەکی و ترسناک لە نەخشەی تۆپی پێی جیهاندا، پاریس بەم بردنەوەیەی نیشانیدا کە خاوەن کەسایەتییەکی بەهێزە و دەتوانێت لە ژێر گوشارە زۆرەکانی یارییە کۆتاییەکاندا خۆی راگرێت و بەرامبەر یانە گەورەکانی وەک ئارسیناڵ سەرکەوتن بچنێتەوە.
لویس ئینریکێ، راهێنەری ئیسپانی و ئەندازیاری ئەم سەرکەوتنانەی پاریس، بەم نازناوە مێژوویەکی نوێی بۆ خۆی و یانەکەش نووسییەوە، چونکە ئەمە سێیەمین جارە لە کاروانی راهێنەرایەتیدا دەبێتە پاڵەوانی ئەورووپا، ئینریکێ کە پێشتر لەگەڵ بارسێلۆنا بۆ یەکەمجار ئەم جامەی بەرزکردبووەوە، ئێستا بە
کۆکردنەوەی سێ نازناو ناوی خۆی لە تەنیشت گەورە راهێنەرانی وەک پێپ گواردیۆلا و زیدان و بۆب پێزلی نووسیوە، ئێستاش تەنیا دوو نازناو لە
کارلۆ ئەنچێلۆتی ئیتاڵی دوورە کە خاوەنی زۆرترین نازناوە لە مێژوودا، بەمەش ئینریکێ سەلماندی کە گونجاوترین کەسە بۆ رێبەرایەتیکردنی پاریسییەکان بەرەو
لووتکەی شکۆمەندی لە ناوخۆی فەرەنسا و سەرانسەری ئەورووپادا.
