رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی سۆران دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند، لە دوو شوێنی گەشتیاری و کافتریایەک دزی کردووە. گوتەبێژی پۆلیس دەڵێت: "تۆمەتبارەکە لە کاتی دزییەکەدا لەژێر کاریگەریی مادەی هۆشبەردا بووە."
رۆژی سێشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2026، موقەدەم شەماڵ دێواری، گوتەبێژی پۆلیسی سۆران بە (رووداو)ی راگەیاند، دوای ئەوەی دوو هاونیشتمانی لە بنکەی پۆلیسی خەلیفان سکاڵایان تۆمارکرد، لێکۆڵینەوە دەستیپێکرد و لەرێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە ناسنامەی تۆمەتبار (ر. ع. ح) ئاشکرا کرا.
سەبارەت بە وردەکاریی دزییەکە، گوتەبێژی پۆلیسی سۆران ئاماژەی بەوە کرد، تۆمەتبارەکە لە کاژێر 04:00ـی بەیانی و بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا کرۆلا کە تابلۆکانی لێکردبووەوە و جامەکانی رەش کردبوو، دزییەکەی لە دۆڵی ئالانە و کوری تەنگ کردووە.
لە دزییەکەدا، 15 بتڵە غاز و چەند ئامێرێکی چێشتلێنان لە دوو شوێنی گەشتیاری و کافتریایەک دزراون.
موقەدەم شەماڵ دێواری گوتیشی: "تۆمەتبارەکە دانیشتووی دەرەوەی سنووری ئیدارەی سۆرانە و بە هاوکاریی پۆلیسی هەولێر دەستگیرکراوە، لە کاتی لێکۆڵینەوەشدا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و دەرکەوتووە بەکارهێنەری مادەی هۆشبەرە."
پۆلیسی سۆران رایگەیاند، ئێستا تۆمەتبارەکە بەپێی مادەی 446 لە یاسای سزادان راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
.jpg&w=3840&q=75)
