رووداو دیجیتاڵ
مایکڵ وود، گۆڵپارێزی یانەی ئۆکلاند، ناچاربوو ئاهەنگی ژنهێنانەکەی بکاتە قوربانی، لەپێناو بەشداریکردن لە مۆندیالی 2026 لەگەڵ هەڵبژاردەی نیوزیلاند.
وود بەر لە ساڵێک رایگەیاندبوو لە مانگی حەوتی 2026دا ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی لە زانا رینتۆنی دەستگیرانی ئەنجامدەدات، بەڵام ئەوکات هیچ باسوخواسێک لەسەر بەشداریکردنی ئەو گۆڵپارێزە، لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە مۆندیال نەبوو.
ئەوکاتەی وود داینابوو بۆ ئاهەنگەکەی دەکەوێتە نێو رۆژانی بەڕێوەچوونی رکابەرییەکانی مۆندیالی ئەمساڵ کە لە نێوان 11ی مانگی شەش تاوەکو 19ی مانگی حەوت، لە هەریەکە لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت.
دارین بێزلی، راهێنەری هەڵبژاردەی سکۆتلاند ئاشکرایکردبوو، وود کە پێشتر شەش یاریی بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی ئەنجامداوە، دەبێتە گۆڵپارێزی سێیەمی ئەو پێکهاتە 26 یاریزانییەی روو لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکە دەکەن.
ئەگەرچی هەلی دەرکەوتنی ئەو گۆڵپارێزە لە مۆندیالدا زۆر لاوازە، بەڵام ئامادەبوو رووداوە کەسییەکەی ژیانی خۆی لەپێناویدا دوابخات.
ئەو گۆڵپارێزە 27 ساڵانە، بە میدیای وڵاتەکەی گوتووە، "دەستگیرانەکەم زۆر پشتگیریی کردم بۆ بڕیاری دواخستنەکە، شتێکی خراپ نییە، ئەگەر ئاهەنگی هاوسەرگیری لەبەر پاڵەوانێتییەکی ئاوا گەورە دوابخەین، چونکە ئەوە چوار ساڵ جارێک روودەدات.
ئەو زیاتر دەڵێ، "تەنیا تاوەکو ساڵی داهاتوو دوای دەخەین".
وود ئەگەرچی وەرزێکی زۆر باشی لەگەڵ یانەکەی نەبوو، بەڵام لە کۆتاییەکاندا توانی لەگەڵیدا نازناوی خولی ئوسترالیا بەدەست بهێنێت.
ئەو لە یاریی پێشکۆتایی خولەکەدا لێدانی سزای گەڕاندەوە و دواتریش لە یاریی کۆتایی خولەکەدا بەرامبەر سیدنی، هاوکاریی تیپەکەی کرد بۆ بردنەوە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر و بەدەستهێنانی نازناوی خولەکە.
لە مۆندیالی داهاتوو، هەڵبژاردەی سکۆتلەندا لە کۆمەڵەی هەشتەم یارییدەکات و رووبەڕووی هەڵبژاردەکانی بەلجیکا، میسر و ئێران دەبێتەوە.
