رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی پۆلیسی ناوچەی کەرخی بەغدا رایگەیاند، هێزەکانیان لە کەمتر لە دوو کاژێردا تۆمەتبارێکیان دەستگیرد، کە بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە مامی و ئامۆزایەکی خۆی کوشتبوو.
رۆژی شەممە، 30ـی ئایاری 2026، عەمید نبراس محەممەد عەلی رشید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرماندەیی پۆلیسی کەرخ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە ئێوارەی هەینی لە ناوچەی (عەگەرگوف) لە سنووری بەغدا روویدا و هەر زوو تیمێکی تایبەت بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی بکوژەکە پێکهێندرا.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرماندەیی پۆلیسی کەرخ ئاماژەی بەوە کرد، دوای بەدواداچوونی ورد، دەرکەوت تۆمەتبارەکە بەرەو پارێزگای ئەنبار هەڵاتووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، دوای هاوئاهەنگیی خێرا لەگەڵ پۆلیسی ئەنبار و بڵاوکردنەوەی زانیارییەکانی تۆمەتبار و ئەو ئۆتۆمبێلەی پێی بوو، توانرا لە یەکێک لە بازگەکانی سنووری پارێزگای ئەنبار دەستگیربکرێ.
عەمید نبراس محەممەد عەلی رشید رایگەیاند، لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەدا، دەست بەسەر ئەو چەکەدا گیرا کە تاوانەکەی پێ ئەنجامدرابوو.
