رووداو دیجیتاڵ
عەلی فالح زەیدی رایگەیاند: حکومەتەکەی دەیەوێت دەوڵەت تاکە لایەنی قۆرخکاری چەک بێت و رێگە نادەن چەک بڵاوبێتەوە، پێویستە دەوڵەت بەتەنیا خاوەنى هێز بێت.
ئەو گوتانەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاتی پێشوازیکردنی بوو لە ژمارەیەک سەرۆک هۆز بەبۆنەی جەژنی قوربان، کە رۆژی پێنجشەممە، 28ـی ئایاری 2026 لە بەغدا ئەنجامدرا.
عەلی فالح زەیدی رایگەیاند، بەردەوام دەبن لەو پڕۆژەیەی کە مەرجەعیەتی باڵا داوای کردووە بەوەی کە چەک تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا بێت و حکومەتەکەی دەیەوێت دەوڵەت تاکە لایەنی قۆرخکاری چەک بێت.
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "دەبێت دەوڵەت بەتەنیا خاوەن هێز بێت و ئەوە بڕیارە نەک بژارە، دەبێت رێگری لە بڵاوبوونەوەی چەک بکرێت و لە تەقەی هەڕەمەکی و کێشەی خێڵەکیدا بەکارنەهێنرێت."
لە کارنامەی حکومەتەکەیدا کە لە 14ی ئایار لە پەرلەمان پەسەند کرا، عەلی فالح زەیدی جەخت لە سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت دەکاتەوە.
عەلی فالح زەیدی رایگەیاند، رێگە نادەن هیچ تەنگ پێهەڵچنینێک یان رێگرییەک لە کاری کۆمپانیا بیانییەکان لە عێراق دروست بێت و کار لەسەر ناسنامەى ئابوورى عێراق دەکەن بۆ دەرچوون لە عەقڵییەتی سۆسیالیستی، ئەوەش لە رێگەی راکێشانی کۆمپانیا جیهانییەکان بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە عێراقدا بکەن.
