رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار دوای تەقاندنەوەی لەلایەن داعشەوە لە ساڵی 2014، یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، هەزاران کەس لەنێو مزگەوتی (نەبی یونس) لە شاری موسڵ نوێژی جەژنیان کرد.
محەممەد حوسێن قەدۆ، بەڕێوەبەری وەقفی سوننی لە نەینەوا، رۆژی چوارشەممە، 27ـی ئایاری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "خەڵکێکی زۆر لە ناوەوە و دەرەوەی موسڵ بە پەرۆش بوون بۆ نوێژی جەژن لەم مزگەوتەدا. بەڕاستی پێشبینی ئەو ژمارە زۆرەمان نەدەکرد، لەنێو مزگەوتەکەدا شوێن نەمابوو و خەڵکێکی زۆر لەسەر شۆستە و شەقامەکانی دەوروبەری نوێژیان کرد."
بەڕێوەبەری وەقفی سوننیی نەینەوا راشیگەیاند، پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکە کە لە 3ی نیسانی ئەم ساڵدا کرایەوە، تێچووەکەی بە تەواوی لەلایەن خێرخوازان و خەڵکی موسڵەوە دابینکراوە و حکومەت هیچ بڕە پارەیەکی تێدا خەرج نەکردووە.
مزگەوتەکە کە بە "رووحی موسڵ" دەناسرێت، لەسەر (گردی تەوبە) لە بەری چەپی شارەکە، لەسەر رووبەری 30 هەزار مەتر دووجا بونیاد نراوەتەوە. منارەکەی 40 مەتر بەرزە و لە دروستکردنەوەیدا رەچاوی وردترین شێوازی تەلارسازیی رەسەنی موسڵی کراوە.
محەممەد حوسێن قەدۆ دەڵێت: "مزگەوتەکە پێش تەقاندنەوەی چۆن بووە هەر بەو شێوازە نۆژەنکراوەتەوە و تەنیا گۆرانکارییەکی بچووکی تێیدا کراوە."
لە نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکەدا مەڕمەڕی ناسراو بە (فەرشی موسڵی) بەکارهێنراوە و ئەو نەخشە ئیسلامییانەی تێدا جێگیر کراوە کە ئیلهامیان لە چیرۆکی سەبر و تەسبیحی یوونسی پەیامهێن وەرگرتووە.
رێکخراوی داعش لە تەممووزی 2014دا مزگەوتەکەی تەقاندەوە، بەڵام دوای رزگارکردنی شارەکە لە ساڵی 2017، دەست بە نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکە کرا و لە 3ی نیسانی 2026 جارێکی دیکە کرایەوە.
