رووداو دیجیتاڵ
سەندیکای پزیشکانی عێراق داوا دەکات بۆ پشتیوانیکردن لە داواکاریی زیاتر لە پێنج هەزار پزیشکی خولاو بۆ دامەزراندن و خەرجکردنی هاوکاریی دارایی چوار مانگیان، بۆ ماوەی یەک رۆژ نۆرینگە ئەهلییەکان دابخرێن.
چوارشەممە، 3ی حوزەیرانی 2026، د. حەسەنێن سەفا، سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "داوامان لە نۆرینگە ئەهلییەکان کردووە رۆژی پێنجشەممە (4ی حوزەیران) بۆ یەک رۆژ نۆرینگەکانیان دابخەن و پێشوازی لە نەخۆش نەکەن، وەک پشتیوانییەک بۆ داواکاریی پزیشکانی خولاوی دەرچووی ساڵی 2024."
د. حەسەنێن سەفا رایگەیاند، داخستنی ئەو نۆرینگانە بۆ تیشک خستنەسەر کێشەی ئەو پزیشکانە و بیرهێنانەوەی حکومەتە بەو کێشەیە.
زیاتر لە هەفتەیەکە پزیشکانی خولاو، کە دەرچووی ساڵی 2024ن، لە بەغدا و چەند پارێزگایەکى دیکە خۆپیشاندان دەکەن و دوو داواکاریی سەرەکییان هەیە، ئەوانیش پارەی هاوکاریی دارایی چوار مانگی کارکردنیان بەکاتی لە نەخۆشخانەکان بۆ خەرج بکرێت، هەروەها بە فەرمی دابمەزرێنرێن.
سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە پێنج هەزار و 300 پزیشکی خولاوی دەرچووی ساڵی 2024 هەن، کە هەمان کێشەیان هەیە و زیاتر لە دوو ساڵە دانەمەزراون، لەکاتێکدا بەگوێرەی یاسا دەبێت دابمەزرێن، ئەوەش جگە لەوەی پارەی چوار مانگی کارکردنیان لە نەخۆشخانەکان وەرنەگرتووە کە 420 هەزار دینارە.
بەگوێرەی یاسای پلەبەندیی پیشە پزیشکی و تەندروستییەکانی عێراق، ئەوانەى کۆلێژە پزیشکییەکان تەواو دەکەن، دەبێت وەک پزیشک دابمەزرێنرێن.
د. حەسەنێن سەفا رایگەیاند، چارەسەرکردنی کێشەی ئەو پزیشکانە بەستراوەتەوە بە پەسندکردنی یاسای بودجەی گشتیی 2026، لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و پەرلەمان لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی.




