رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەو لیژنەیەی بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا پێکهێنرابوو دەستی بە کارەکانی کردووە. دەشڵێت، پرسی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت "هەمووان دەگرێتەوە."
رۆژی چوارشەممە، 3ی حوزەیرانی 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئامانج لەو پڕۆسەیە کۆنترۆڵکردنی چەک و ئەوەیە کە بڕیاری ئەمنی تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت."
سەباح نوعمان ئاماژەی بەوەدا کە بڕیارەکە سەرجەم گرووپەکانی دەرەوەی حەشدی شەعبی دەگرێتەوە، "بڕیارەکە گشتگیرە و هەمووان دەگرێتەوە."
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، "بەپێی بڕیارەکە، دەبێت سەرجەم چەک، تەقەمەنی، ئامێرە سەربازییەکان و سەربازگەکان رادەستی دەزگا ئەمنییە فەرمییەکان بکرێن."
سەباح نوعمان ئاماژەی بەوە کرد، ئەم لیژنەیە بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و وەک "بڕیارێکی تەواو عێراقی" پێکهێنراوە، کە وەڵامدانەوەیە بۆ داواکاریی مەرجەعییەت و جێبەجێکردنی بەرنامەی کارنامەی حکومەت بۆ یەکخستنی گوتاری ئەمنی.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان باسی لەوە کرد کە، "لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ دانانی میکانیزمی تێکەڵکردنی ئەو هێزانە بە دەزگا ئەمنییەکان. بڕیار وایە لە ماوەی دوو رۆژدا ئەژماری تەواوی چەک و کەرەستە سەربازییەکان رادەستی لیژنەی ناوەندی بکرێت کە لەژێر سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆکوەزیراندایە."
لیژنە ناوەندییەکە نوێنەرانی وەزارەتی بەرگری، ناوخۆ، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و دەستەی حەشدی شەعبی تێدایە.
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو کەسانەی لەناو ئەو هێزانەدان، سەباح نوعمان دڵنیایی دایە چەکدارەکان و رایگەیاند: "دەستەواژەی دابڕاندنی پەیوەندی بە واتای رێکخستنەوەی ئەو هێزانە دێت لەنێو دەزگا ئەمنییەکاندا، بەجۆرێک کە سەرجەم مافە و یاساییەکانی چەکدارەکان پارێزراو دەبێت و وەک بەشێک لە هێزە سەربازییەکان تێکەڵ دەکرێن."
بەرنامەی حکومەتی نوێی عێراق کە لەژێر دروشمی "دەوڵەتێکی سەقامگیر و ئابوورییەکی بەرهەمهێن" کار بۆ چوار ساڵی داهاتوو دەکات. لە یەکەم خاڵی بەرنامەکەدا ستراتیژیی حکومەت دیاریکراوە کە یەکێک لەوانە بریتییە لە کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت، ئەمەش وەک هەنگاوێکی بنەڕەتی بۆ "سەپاندنی دەسەڵاتی یاسا و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی" لە قۆناخی داهاتوودا ناسێنراوە.
تاوەکو ئێستا هەریەکە لە سەرایا سەلام، کەتیبەکانی ئیمام عەلی و عەسائیبی ئەهلی حەق رەزامەندییان بۆ جێبەجێکردنی پرسی سنووردارکردنی چەک دەربڕیوە.




