رووداو دیجیتاڵ پەرلەمانی عێراق سکاڵا لەسەر پسپۆڕێکی ئابووری تۆمار دەکات بەتۆمەتی ئەوەی گوتوویەتی، پەرلەمان 12 هەزار و 500 فەرمانبەری هەیە، لەکاتێکدا پەرلەمان دەڵێت ژمارەکە کەمترە لە چارەکی ئەو ژمارەیە. پسپۆڕە ئابوورییەکە سکاڵا لەدژی پەرلەمان تۆمار دەکات بەتۆمەتی بەکارهێنانی وشەی "نەشیاو" بەرامبەری. رۆژی چوارشەممە، 3ی حوزەیرانی 2026، پەرلەمانی عێراق لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند، نەبیل مەرسوومی بانگەشەی ئەوەی کردووە، ژمارەی فەرمانبەرانی پەرلەمان 12 هەزار و 500 فەرمانبەرە و هەر یەکێکیان سێ ملیۆن و 500 هەزار دینار وەردەگرێت، کە 12 ئەوەندەی فەرمانبەرانی دیکەی دەوڵەتە. پەرلەمان ئەو زانیارییانە بە ناڕاست دەزانێت و ئاماژە بەوە دەکات، فەرمانبەرانى کەمتر لە چارەکی ئەو ژمارەیەن و هاوشێوەی فەرمانبەرەکانی دیکە مووچە وەردەگرن. پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، ئەو زانیارییانە بێڕێزیکردنە بەرامبەر پەرلەمان و تۆمەتبارکردنیەتی بە گەندەڵی و ناوزڕاندنە، بۆیە سکاڵای یاسایی لەدژی ئەو پسپۆڕە تۆمار دەکەن. ئەو کاردانەوەی پەرلەمان لەدوای ئەوە بوو کە لە 2ی حوزەیران، نەبیل مەرسوومی، پسپۆرى ئابوورى لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسینێکى لەبارەی ژمارەی فەرمانبەرانی پەرلەمان و بڕی مووچەکانیان بڵاوکردەوە. نەبیل مەرسوومی بە رووداوی یاگەیاند: لەو نووسینەیدا مەبەستی تەنیا فەرمانبەرانی پەرلەمان نەبووە، بەڵکو بە فەرمانبەرانى سەرجەم ئەو دەستانەوە، کە سەر بە پەرلەمانن، لەوانە: دەستەی دەستپاکی، دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەکانی دیکە، بۆ ژمارەکانیش پشتی بە یاسای بودجەی گشتیی عێراق بەستووە. نەبیل مەرسوومی لەو نووسینەیدا کە بە ناوی "واز لە هێلکە بهێنن و با باسی مووچە بکەین" بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت، پار 551 ملیار دینار وەک مووچە دراوەتە نزیکەی 12 هەزار و 500 فەرمانبەری پەرلەمان و ئەو دەستانەی کە وابەستەی پەرلەمانن، کە ئەوانیش دیوانی چاودێریی دارایی، دەستەی دەستپاکی، لێپرسینەوە و دادپەروەری و کێشەی موڵکدارییەکانن. ئەو پسپۆڕە ئابوورییە رایگەیاند، لەسەر بەکارهێنانی وشەی نەشیاو لە بەرامبەری لە راگەیێنراوەکەی پەرلەماندا، سکاڵا لەدژیان تۆمار دەکات کە بە "ناوبراو" ناویان هێناوە، و بە بەڵگەش لە دادگا راستی ئەو ژمارانە دەسەلمێنێت، کە باسی کردوون.
عێراق03-06-2026وەزیری تەندروستیی عێراق بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەی پزیشکان دەدات و داوای شکاندنی مانگرتن دەکات