رووداو دیجیتاڵ
وەزیری تەندروستیی عێراق وەڵامی داواکاریی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو دەداتەوە و رایدەگەیێنێت، کێشەی مووچەکانیان چارەسەرکراوە و هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی دەکرێت، داواش دەکات پزیشکان کۆتایی بە مانگرتن بهێنن و بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
رۆژی چوارشەممە، 3ی حوزەیرانی 2026، عەبدولحوسێن موسەوی، وەزیری تەندروستیی عێراق لە پەیامێکی دەنگیدا کە ئاڕاستەی پزیشکانی نیشتەجێی خولاوی کردووە، رایگەیاند، "هەموو رێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی سێ مانگی رابردووتان تەواو بووە. پارەکە خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی تەندروستی و چاوەڕێی وردبینی کۆتایی وەزارەتی دارایی دەکەین بۆ ئەوەی لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە دەست بە خەرجکردنی بکرێت."
ئەم پەیامەی وەزیر لە کاتێکدایە کە سەندیکای پزیشکانی عێراق داوای لە سەرجەم پزیشکانی پسپۆڕ و راوێژکار کردووە، سبەی پێنجشەممە بۆ ماوەی 24 کاژێر نۆرینگە تایبەتەکانیان دابخەن، وەک پشتگیرییەک بۆ پزیشکانی نیشتەجێی گەنج کە بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیان لە چەند پارێزگایەکی عێراق مانیان گرتووە.
وەزیری تەندروستی لە پەیامەکەیدا تیشکی خستە سەر چەند بڕیارێکی دیکە بۆ سوودی پزیشکانی گەنج و گوتی: "فەرمانمان داوە بە گشت فەرمانگەکانی تەندروستی کە پزیشکانی نیشتەجێی خولاو بخرێنە نێو لیستی سوودمەندبووانی دەرماڵەی بژێوی، هەروەها داوامان لە فەرمانگەی پلاندانان کردووە پلانێک دابنێن بۆ ئاسانکاریی گواستنەوەی پزیشکان لە نێوان پارێزگاکان و فەرمانگەکاندا."
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوە کردووە کە کێشەی دامەزراندنی هەمیشەیی (میلاک)ـی دەرچووانی 2024 لە ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی لەسەر دراوە و کار بۆ چارەسەری کێشەی دەرچووانی 2023 و 2025ـیش دەکەن.
وەزیری تەندروستی داوای لە پزیشکان کرد "رێگە بە کەسانی دەرەوەی کەرتی تەندروستی نەدەن یاری بە دۆخەکەوە بکەن" و بگەڕێنەوە بۆ نێو نەخۆشخانەکان. بەڵێنیشی دا هەر کاتێک مانگرتنەکەیان هەڵپەسارد، خۆی سەردانیان بکات لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکان بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گوێ لە کێشەکانیان بگرێت.
نزیکەی 2000 پزیشکی دەرچووی ساڵی 2024 بە شێوازی گرێبەست و بە مووچەی 400 هەزار دینار دامەزراون، بەڵام چوار مانگە هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە. ئەمەش ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق لێکەوتەوە.




