رووداو دیجیتاڵ
عەجاج، یەکێک لە تاوانبارانى سەرەکى ئەنفال، لە دوو لێکۆڵینەوەدا دانی بەو تاوانانەدا ناوە، کە لە دژی گیراوانی کورد لە گرتووخانەى نوگرە سەلمان کردوونی. هەردوو دانپێدانانەکەى لە شارى سەماوە بووە، دادگای باڵای تاوانەکانى عێراق لە وردەکاریی بڕیاری لەسێدارەدانى ئەو تاوانبارەدا دەڵێت؛ دانپێدانانەکانى و گوتەی شایەتحاڵەکان لەبارەی تاوانەکانی یەکیاندەگرتەوە. هەروەها ناوی 223 سکاڵاکاریش لە بڕیارەکەدا جێگیر کراوە.
رووداو نووسراوی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقی لەبارەی وردەکاری و پاساوی سزادانی عەجاج دەستکەوتووە، کە لە 14ی ئایاری 2026 لەسەر تاوانی ئەنفال بە لە سێدارەدان سزا درا.
دەستگیرکردنی عەجاج ئەحمەد حەردان زەعێتەر عوبێدی، کە بە جەلادی ئەنفالکراوان دەناسرا، لە رۆژی 31ی تەممووزی 2025 راگەیێندرا، دوای دوو دانیشتنی دادگە کە تەنیا هەفتەیەک نێوانیان بوو، حوکمدرا.
دووجار دانپێدانان بە تاواندا
بەگوێرەی وردەکاریی بڕیارەکەی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، سەرەتا لە شاری سەماوەی ناوەندی پارێزگای موسەننا لێکۆڵینەوە لەگەڵ عەجاج کراوە و دانى بەوەدا ناوە کە عەجاجە و ناوی تەواوی خۆی گوتووە، دانیشی بەوەدا ناوە کە بەشدار بووە لە برسیکردن و تینووکردنی ئەنفالکراوان لە گرتووخانەی نوگرە سەلمان تاوەکو گیانیان لەدەستداوە، دواتر لە گۆڕی بەکۆمەڵ و لە نزیک دیواری گرتووخانەکە بەخاکسپێردراون، هەروەها بەشداریش بووە لە دەستدرێژیکردنە سەر کچانی ئەنفالکراو.
ئەیاد کاکەیی، پارێزەری دۆسیەکە بە رووداوی راگەیاند؛ دوو جار لێکۆڵینەوە لەگەڵ عەجاج کراوە، یەکەمجار لە 4ی ئابی 2025 لە پارێزگای سەماوە و دواتر لە هەمان شار لێکۆڵینەوەی بەڵگەى تاوان لەگەڵ تاوانبارەکە کراوە لە شوێنی تاوانەکەیدا.
بەگوێرەی وردەکاریی بڕیاری دادگا، لە دانپێدانانی دووەمیدا لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی سەماوە، دانى بە هەمان ئەو تاوانانەدا ناوەتەوە، کە لە لێکۆڵینەوەی یەکەمدا بەرپرسیارێتیی هەڵگرتبوون، بەڵام بە وردەکاریی زیاترەوە.
دانپێدانانەکانی عەجاج و قسەی شایەتحاڵەکان
لەو نووسراوەی دادگادا هاتووە، کە دانپێدانانەکانی عەجاج لە هەردوو لێکۆڵینەوەکەدا هاوتای قسەی سەدان سکاڵاکاری دۆسیەکە بووە. لە بڕیارەکەدا هاتووە: "سکاڵاکاران و تۆمەتبار لە دادگا رووبەڕووی یەکدی قسەیان کرد و ئەو تۆمەتانەیان دووپاتکردەوە کە پێشتر لە سکاڵاکانیان ئاراستەی عەجاجیان کردبوو، باسیان لە رۆڵی تاوانکارییەکەی کردبوو لە گرتووخانەی نوگرە سەلمان بەبێ ئەوەی تۆمەتبارەکە وەڵامێکی باوەڕپێهێنەری لەبارەى ئەو تۆمەتانەوە هەبێت."
ئەیاد کاکەیی رایگەیاند، تێکڕای ئەو سکاڵاکارانەی کە لەناو وردەکاریی بڕیارەکەدا ناویان هاتووە دەگاتە 223 کەس، کە مافی ئەوەیان هەیە داوای قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بکەن.
لە بڕیارەکەدا هاتووە: "دادگا بە پێویستی نەزانیوە داوای ناسینەوەی تۆمەتبارەکە لەلایەن سکاڵاکاران بکات، بەوپێیەی نزیکەی 38 ساڵ بەسەر رووداوەکەدا تێپەڕیوە، کە ماوەیەکی زۆرە."
لە کۆتایی بڕیارەکەدا کە پێنج دادوەر واژۆیان کردووە، عەجاج تۆمەتبار کراوە بە تاوانی جینۆساید و دژ بە مرۆڤایەتی، سووکایەتیکردن بە دەستگیرکراوان، کوشتنی ئەنفالکراوان لە رێگەی برسیکردن و تینووکردن و ناشتنیان لە گۆڕی بەکۆمەڵ، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی کەسوکار و منداڵەکانیان، دەستدرێژیی سێکسی لە دژی کچان لە گرتووخانەکە؛ ئەو تاوانانە بەشێک بوون لە پلانێکی داڕێژراو لەدژی هاووڵاتیانی سڤیل لە نەتەوەی کورد کە لە هەڵمەتی ئەنفالی ساڵی 1988 بوونە قوتار ببوون.
پارێزەری دۆسیەکە رایگەیاند کە ئێستا بڕیاری دادگا لە دادگای پێداچوونەوەیە و دوای پەسندکردنی دەنێردرێت بۆ وەزارەتی داد و لەوێشەوە بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ ئەوەی بڕیاری لە سێدارەدانەکە پەسند بکرێت و هەر لەلایەن وەزارەتی دادەوە جێبەجێ بکرێت.




