رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی عێراق دەڵێت، لە مانگی ئایاردا 107 بوومەلەرزە لە عێراق و دەوروبەری تۆمارکراون و زۆرترینییان لە باشووری کوردستان بووە.
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی عێراق، رۆژی چوارشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2026، بە رووداوی رایگەیاند: "کۆی گشتیی ئەو بوومەلەرزانەی لە تۆڕی چاودێریی عێراق تۆمارکراون، 107 بوومەلەرزە بووە؛ لەو ژمارەیە 51ـیان لە ناوخۆی عێراق و 56ـیان لە دەرەوە و لە نزیک سنوورەکانی عێراق بوون."
بەگوێرەی ئامارەکان، زۆرترین بوومەلەرزە لە پارێزگای دیالە تۆمارکراوە کە 29 بوومەلەرزە بووە و زۆربەیان لە قەزاکانی خانەقین و کفری بوون. دوای ئەویش پارێزگای سلێمانی دێت کە 14 بوومەلەرزەی تێدا تۆمارکراوە لە ناوچەکانی (کەلار، دووکان، چەمچەماڵ و دەربەندیخان). دهۆک 2 بوومەلەرزە (سێمێل و زاخۆ). کەرکووک 2 بوومەلەرزە لە حەویجە تۆمارکراوە، پارێزگای واست 4 بوومەلەرزە لە هەریەک لە ناوچەکانی (کوت و بەدرە) بووە.
گوڕی ئەو بوومەلەرزانە لەنێوان یەک بۆ پێنج پلە بووە بەپێی پێوەری رێختەر و قووڵاییەکانیان لەنێوان 5 بۆ 38 کیلۆمەتر بووە، هیچ زیانێکی گیانی لە ناوچەکاندا تۆمار نەکراون.
زۆرینەی ئەو بوومەلەرزانەی کە سەرچاوەکانیان لە دەرەوەی عێراق بووە، لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە کە 39 بوومەلەرزە بوون.
13 لە سەرچاوەی بوومەلەرزەکانی دەرەوە لە باکووری کوردستان و تورکیا بووە، کە چەقەکەیان شارەکانی (وان، شرنەخ، هەکاری و بەدلیس)، 3 بوومەلەرزەش لە رۆژئاوای کوردستان لە دێرەزوور و حەسەکە بووە، لە کوێتیش، 1 بوومەلەرزە بووە.
دەستەی کەشناسیی عێراق دەڵێت: "ناوچەکانی رۆژئاوا و باشووری رۆژئاوای عێراق هیچ بوومەلەرزەییان تێدا تۆمار نەکراوە".



