رووداو دیجیتاڵ دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تێیدا دەردەکەوێت کارمەندێکی پۆلیسی فیدراڵی هێرش دەکاتە سەر هاووڵاتییەکی خاوەن پێداویستی تایبەت، وەزارەتی ناوخۆی عێراق فەرمانی گرتنی دەستگیرکردنی ئەو کارمەندەی دا. وەزارەتی ناوخۆی عێراق، درەنگی شەوی دووشەممە 1ـی حوزەیرانی 2026 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، حوسێن عەوادی، بریکاری باڵای وەزارەتی ناوخۆی عێراق فەرمانی داوە بە دەستبەسەرکردنی کارمەندێکی پۆلیسی فیدراڵی، کە لە ناوچەی کازمییەی بەغدا "سووکایەتی و هێرشی" کردووەتە سەر هاووڵاتییەکی خاوەن پێداویستی تایبەت. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بریکاری باڵای وەزارەت فەرمانی کردووە بە پێکهێنانی "لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بەپەلە" بۆ ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی رووداوەکە و گرتنەبەری رێکاری یاسایی و کارگێڕی تووند بەرامبەر ئەو کەسانەی کەمتەرخەم بوون. حوسێن عەوادی جەختی لەوە کردووەتەوە، وەزارەتی ناوخۆ "بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی لەو رەفتارانە ناکات کە دەبنە هۆی سووکایەتیکردن بە هاووڵاتییان، یان لەگەڵ بەها مرۆیی و پیشەییەکانی دامەزراوە ئەمنییەکاندا ناگونجێن." وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، پاراستنی کەرامەتی هاووڵاتییان، بەتایبەتی توێژی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، لە کارە لەپێشینەکانیانە و هەر جۆرە پێشێلکارییەک رووبەڕووی سزای تووند دەبێتەوە. ئەمە دووەم رووداوی لەو شێوەیەیە کە لەم هەفتەیەدا لە عێراق دەنگدانەوەی هەبێت؛ پێشتر و لە رۆژی 31ـی ئایاردا، لە پارێزگای ئەنبار سێ کەس بەهۆی سووکایەتیکردن بە گەنجێکی خاوەن پێداویستی تایبەت و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، رێکاری یاساییان بەرامبەر گیرابووە بەر.