رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایگەیاند، پاڵپشتیی دابڕاندنی دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن سیاسییەکان دەکات، بڕیاری جەنگ و ئاشتی بەدەست دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتەوەیە و هەر کردەوەیەک لەدەرەوەی ئەوە بە دەرچوون لە یاسا هەژمار دەکرێت. هەروەها سەرۆکوەزیرانی سەرپشک کرد لە گرتنەبەری رێکار و بڕیاری پێویست لەوەی کە پەیوەندیدارە بە سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەتەوە.
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر لە بەغدا کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی ئەو هاوپەیمانیەتییە، لەو کۆبوونەوەیەدا جەخت لەوە کرایەوە، دەستەی حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی ئەمنیی فەرمییە و پابەندە بە دەستوور و یاسا کاراکان و فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان.
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پاڵپشتیی خۆی بۆ پڕۆژەی سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت و دابڕاندنی دەستەی حەشدی شەعبی لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییە حیزبی و کۆمەڵایەتییەکان کرد، وەک هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری مەرجەعییەتی باڵا و یاسای دەستەی حەشدی شەعبی و پشتبەستن بە کارنامەی حکومەت کە پەرلەمان دەنگی لەسەر داوە.
چوارچێوەکە پەرۆشیی بۆ بەردەوامیی هاریکاریی نێوان حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تەواوکردنی رێکارەکانی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق دەربڕی و بۆ ئەوانەش عەلی فالح زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراقى سەرپشک کرد بۆ گرتنەبەری بڕیار و رێکاری پێویست بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی باڵای عێراق.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە زیاتر لە 164 کورسیی پەرلەمانی عێراقی هەیە، رایگەیاندووە، دیاریکردنی شێوازی سیستمی سیاسی و نوێنەرانی مافی گەلی عێراقە، و بڕیاری جەنگ و ئاشتی بڕیارێکی نیشتمانیی سەروەرییە و دەگەڕێتەوە بۆ گەلی عێراق لە رێگەی دامەزراوە دەستوورییەکانیەوە کە پەرلەمان و حکومەتە. هەر کردەوەیەک لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە، دەرچوونە لە یاسا و بنەماکانی دەوڵەتی دەستووری.

