رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای بەردەوامیی هەوڵەکانی رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی (OPCW)، دۆسیەی چەکی کیمیایی سووریا هێشتا بە کراوەیی ماوەتەوە؛ بەڵام بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن دوای رووخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024 و دەستبەکاربوونی حکومەتی کاتی، پێشکەوتنی گەورە لەم دۆسیەیەدا بەدیهاتووە.
ئیزومی ناکامیتسۆ، بریکاری سکرتێری گشتی و نوێنەری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری داماڵینی چەک، لە گشتاندنێکدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 2118ی تایبەت بە لەناوبردنی بەرنامەی چەکی کیمیایی سووریا، رایگەیاند: "خۆشحاڵم بەوەی رایبگەیێنم کە لە دوای دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەوە، پێشکەوتنی بەرچاو بەدیهاتووە."
ناکامیتسۆ ئاشکرای کرد، لە سەرەتای مانگی ئایاری ئەم ساڵدا تیمێکی (OPCW) سەردانی چەندین شوێنیان لە ناوخۆی سووریا کردووە.
تیمی پشکنین ئامادەن بۆ ئەوەی راپۆرت بدەن کە "بڕێکی زۆر" لە چەکی کیمیایی رانەگەیێندراو، کەرەستەی پەیوەندیدار و بەڵگەنامەیان دۆزیوەتەوە، لە نێویشیاندا بەڵگەی تەقەمەنیی کیمیایی کە پێشتر ئاماژەیان پێ نەدرابوو.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، جۆرە مووشەکێک دۆزراوەتەوە هەمان ئەو جۆرەیە لە هێرشە کیمیاییەکەی شاری غوتەی سووریا لە ئابی 2013دا بەکارهاتبوو.
ناکامیتسۆ گوتی: "ئەم دۆزینەوانە دەستکەوتێکی مێژوویین، نەک تەنیا بۆ سووریا، بەڵکو بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی و سیستمی داماڵینی چەک لە جیهاندا."
هەڵوێستی ئەمریکا؛ "ئەمە وەرچەرخانێکی گرنگە"
تامی برووس، جێگری نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشوازیی لەو پێشکەوتنانە کرد و ستایشی رەنگدانەوە و گەڕانەوەی تیمەکانی پشکنینی کرد بۆ سووریا، بەتایبەتی دەستڕاگەیشتنیان بەو شوێنە "گرنگانە"ی کە دەکەونە ناوچەکانی باکوور و کەناراوەکان.
نوێنەرەکەی ئەمریکا گوتی: "پێشوازی دەکەین لەو پێشکەوتنە واتادارانەی کە حکومەتی نوێی سووریا و رێکخراوی OPCW لە مەیداندا بەدەستیان هێناوە و ئەمە وەرچەرخانێکی گەورەیە بۆ سووریا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی."
برووس ئاماژەی بەوەش کرد، پشکنینە تاقیگەییەکان لە ئابی 2025 و کانوونی دووەمی 2026دا، بوونی دوو جۆر ماددەی جەنگیی کیمیاییان لە ناو بەرمیلە نێژراوەکاندا پشتڕاست کردووەتەوە. گوتیشی، ئەم دۆزینەوانە ئەو گومانانە بەهێزتر دەکەن کە رژێمی پێشووی بەشار ئەسەد "هەرگیز بە تەواوی" راستییەکانی سەبارەت بە چالاکییە کیمیاییەکانی ئاشکرا نەکردووە.
رووسیا؛ "دەبێت بە وردی لێکۆڵینەوە بکرێت"
ڤاسیلی نێبێنزیا، نوێنەری هەمیشەیی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاند کە پێشکەوتنی لێکۆڵینەوەکانی (OPCW) جێگەی سەرسوڕمان نییە، چونکە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ چەندین مانگ رێگەی لە بڵاوبوونەوەی تیمەکانی ئەو رێکخراوە گرتبوو.
نێبێنزیا رەخنەی لە رێکخراوی (OPCW) گرت و تۆمەتباری کرد بەوەی بەبێ لێکۆڵینەوەی پێویست هەوڵ دەدات "تۆمەتەکان ئاراستەی لایەنێکی دیاریکراو بکات." نوێنەری رووسیا گوتی: "ئەوانەی لایەنگری کارەکانی OPCW دەکەن، با جۆش و خرۆشی خۆیان کەم بکەنەوە. ئەم رێکخراوە مێژوویەکی هەیە لە پێشێلکردنی ستانداردەکان و پێویستە هەر دۆزینەوەیەکی نوێ بە شێوەیەکی ناسیاسی و ورد بپشکنرێت."
سووریا؛ 32 سەردان و 60 هەزار لاپەڕە بەڵگەنامە
ئیبراهیم عولەیبی، نوێنەری سووریا، جەختی لە رۆڵی سەرەکیی شارەزایانی وڵاتەکەی کردەوە لە دۆزینەوەی ئەو چەکە کیمیاییانەی کە پەیوەندییان بە رژێمی پێشووەوە هەبووە. عولەیبی ئەم دۆزینەوانەی وەک "وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوە" و "هەنگاوێکی گەورە بەرەو لێپێچینەوە" ناوبرد.
نوێنەری سووریا ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی ئاسانکاریی بۆ 32 سەردانی تیمەکانی (OPCW) کردووە و زیاتر لە 60,000 لاپەڕە بەڵگەنامەی رادەست کردوون. ئەو گوتی: "سووریا بۆ ماوەی 12 ساڵ بە دەست چەکی کیمیاییەوە ناڵاندی، ئەمڕۆش پابەندە بەوەی خۆی لەو قەیرانە رزگار بکات."
تورکیا و بەحرەین؛ "کاتی داخستنی دۆسیەکە هاتووە"
ئەحمەد یڵدز، نوێنەری تورکیا، پێشوازیی لە هاوئاهەنگیــیەکانی نێوان سووریا و رێکخراوی (OPCW) کرد و رایگەیاند، ئەنقەرە بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیی تەکنیکی بۆ سووریا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی چەکی کیمیایی. یڵدز گوتی: "ئێستا کات گونجاوە" بۆ ئەوەی هەموو ماف و دەستکەوتە هەڵپەسێردراوەکانی سووریا لە ناو رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیاییدا بگێڕدرێنەوە.
جەمال فارس رووەیعی، نوێنەری بەحرەین، دۆزینەوەی تەقەمەنی و کەرەستە و بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە بەرنامەی کیمیایی رژێمی پێشووی بە هەنگاوێکی "گرنگ" ناوبرد بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆسیەیە. نوێنەری بەحرەین داوای کرد کە سوود لەم دەرفەتە وەربگیرێت بۆ بەردەوامیی هاوکارییەکان لە چوارچێوەی "بەرپرسیارێتیی هاوبەش"دا تاوەکو چیدیکە مەترسیی ئەم چەکانە نەمێنێت.


.jpg&w=3840&q=75)
