رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی تەقینەوەیەکی گوماناوی لە نزیک لەنگەرگاکانی بەندەری "مینا ئەلفەحل"، پرۆسەی بارکردن و هەناردەکردنی نەوتی خاوی عومان راگیرا و چەندین نەوتهەڵگری زەبەلاح لە دەریادا چاوەڕێی ئاساییبوونەوەی دۆخەکە دەکەن.
رۆژی هەینی 5ـی حوزەیرانی 2026، تەقینەوەیەک لەنێوان لەنگەرگاکانی 1 و 2ـی بەندەری مینا ئەلفەحل روویدا. سەرچاوە ئاگادارەکان بە ئاژانسی "رۆیتەرز"یان راگەیاندووە، گومان دەکرێت تەقینەوەکە بەهۆی "هێرشی درۆنی"یەوە بووبێت، ئەمەش وایکردووە دەسەڵاتدارانی بەندەرەکە بۆ پاراستنی سەلامەتی، پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت رابگرن.
تاوەکو ئێستا حکومەتی عومان و کۆمپانیای پەرەپێدانی پترۆلی عومان (PDO) کە سەرپەرشتیی بەندەرەکە دەکەن، هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەسەر هۆکاری تەقینەوەکە و زیانەکان نەداوە. هەروەها هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە. داتاکانی کەشتیوانی نیشانی دەدەن کە هاتووچۆی نەوتهەڵگرەکان لەو ناوچەیەدا وەستاوە.
بەندەری مینا ئەلفەحل، شادەماری ئابووریی عومانە. بەگوێرەی ئامارەکانی ساڵی 2023، عومان رۆژانە زیاتر لە یەک ملیۆن و 60 هەزار بەرمیل نەوتی لێوە هەناردە کردووە. شارەزایان هۆشداری دەدەن کە ئەگەر راگرتنی هەناردە درێژە بکێشێت، بازاڕەکانی ئاسیا کە کڕیاری سەرەکیی نەوتی ئەو وڵاتەن، تووشی کێشە دەبن و ناچار دەبن روو لە سعودیە یان ئیمارات بکەن.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە ناوچەی کەنداو و دەریای عومان لە ژێر گوشارێکی تووندی ئەمنیدایە. شوێنی تەقینەوەکە کەمتر لە 200 میلی دەریایی لە تەنگەی هورمزەوە دوورە.
تەقینەوەکە تەنیا دوو رۆژ دوای ئەوە دێت کە میدیاکانی ئێران باسیان لە بەئامانجگرتنی کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکی کردبوو لە هەمان ناوچە، هەرچەندە ئەمریکا ئەوەی رەتکردەوە. عومان کە هەمیشە وەک "ناوبژیوانێکی بێلایەن" لە کێشەکانی ناوچەکەدا بینراوە، ئێستا ژێرخانی وزەکەی کەوتووەتە مەترسییەوە.


.jpg&w=3840&q=75)

