رووداو دیجیتاڵ
ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەرازیل و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، لە چاوپێکەوتنێکدا باسی چەندین بابەتی جیاوازی کردووە، لەبارەی لامین یامالەوە دەڵێ، ئەو یاریزانەیە کە خەڵک حەزدەکەن پارە بدەن بۆ بینینی.
ڤینی لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل خۆی بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی 2026 ئامادە دەکات، پەیوەندی بەکەمپی مەشقی هەڵبژاردەکەوە کردووە.
دەرکەوتنی ڤینی لە چاوپێکەوتنەکەدا بۆ هەڵوەستەکردنە لەسەر چەندین لایەنی جیاوازی ژیانی ئەو. ئەوە لە کاتێکدا کە ڤینی ئەمساڵ لەگەڵ یانەکەی دۆخێکی خراپی هەبوو و بۆ دووەم وەرزی لەسەریەک، بەبێ نازناو مایەوە.
داهاتووی ڤینی
ڤینیسیۆس تاوەکو ئێستا گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید نوێنەکردووەتەوە، لە کاتێکدا یانەکە بڕیاریداوە لە رۆژی حەوتی مانگی داهاتوو، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەنجام بدات کە هەریەکە لە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ئێستای یانەکە و ریکێلمی ئینریکێ، سەرمایەداری ئیسپانی رکابەریی بۆ بەدەستهێنانی دەکەن.
ڤینی لەبارەی داهاتووی خۆیەوە رایگەیاندووە هەست بەوەناکات پێویستی بەپەلەکردن بێت بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی چونکە وەک ئەو دووپاتیدەکاتەوە، "گرێبەستم لەگەڵ ریال مەدرید تاوەکو 2027ە، پەیوەندیم لەگەڵ یانەکە زۆر باشە و متمانەی تەواومان بەیەکتری هەیە".
ئەو یاریزانە دەڵێ، "پەلەم نییە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەم، هێشتا کاتێکی زۆرم تاوەکو هاوینی 2027 لەبەردەستدایە، زۆر شتمان هەیە کە دەبێ لەگەڵ ریال مەدرید باسی بکەین و ئەوانیش شتیان هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵمدا باسی بکەن. ریال مەدرید ئارامە و منیش ئارامم، سەرۆک متمانەی پێمە و منیش متمانەم بەسەرۆک هەیە".
ڤینی دووپاتیکردووەتەوە هەرگیز بیری لەوە نەکردووەتەوە لە دەرەوەی ریال مەدرید بێت، چونکە وەکئەو دەڵێ، "خەونی منداڵیم پۆشینی درێسی ریال مەدرید بوو".
ئەو هەروەها دەڵێ، "ناتوانم بیهێنمە بەرچاوی خۆم رۆژێک لە رۆژان لە دەرەوەی ریال مەدرید بم، چێژ لە هەموو ساتێک وەردەگردم کە لەگەڵ یانەکە بەسەری دەبەم، چونکە ئەوە یانەی خەونەکانمە، هەموو کات خەونم یارییکردن بۆ یانەکە و بەردەوام بوون بووە تێیدا".
کاپتنە لاوەکە
ڤینی ئەمساڵ بۆ چەند جارێک لە یارییەکاندا وەک کاپتنی یانەکە دەرکەوت، ئەگەرچی ئەو هێشتا تەمەنی بچووکە. ئەو دەڵێ، ئەوە مایەی شانازییەکی گەورەیە بەتایبەت کە کاپتنی یانەیەکی گەورەی وەک ریال مەدرید بیت.
روونیکردووەتەوە، "ئێستا من یەکێکم لە کاپتنەکانی تیپەکە، ئەگەرچی هێشتا تەمەنم کەمە. ئەمە شتێکە لە مێژووی ریال مەدریددا روونادات. دەمەوێت بەدرێژایی ژیانم لێرە بمێنمەوە، بەڵام هێشتا پەلەم نییە لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەم".
ڤینی دووپاتیکردووەتەوە لەگەڵ رەخنە و گلەیی هاندەران راهاتووە، ئەو دەڵێ، لە یاریگادا وەڵامی هەموو شت دەدەمەوە.
ئەستێرە بەرازیلییەکە گوتویەتی، "کاتێک هاتمە ریال مەدرید، هەمووان گوتیان من شوێنم نابێتەوە بۆ یارییکردن، دواتر گوتیان ناتوانێت گۆڵ بکات، پاشان گوتیان هیچ نازناوێک نابەیتەوە، بەڵام من هەموو کات، هەموو ئەو شتانەم تێپەڕاند. ئەوان گوتیان یانەکە پارەیەکی زۆری داوە بۆ ئەوەی من بەدەست بهێنێت، بەڵام لە کۆتاییدا من بوومە دەستەوارەیەکی هەرزان، بەراورد بەوەی بەدەستم هێنا".
ڤینی دەڵێ، "سەرۆک و هاندەرانی یانەکە زۆر خۆشیان دەوێم و ئەوەش متمانەی زۆرم دەداتێ بۆ بەردەوامبوون".
پەیوەندی لەگەڵ ئێمباپێ
لەبارەی پەیوەندی نێوان خۆی و ئێمباپێوە، ڤینیسیۆس بوونی هەر ناکۆکییەک لە نێوانیاندا رەتدەکاتەوە، دووپاتیکردووەتەوە کە پەیوەندییان لە نێو یاریگا و دەرەوەی یاریگا، زۆرباشە.
ڤینیسیۆس گوتوویەتی، "تەنانەت لە دەرەوەی یاریگاش پەیوەندیم لەگەڵ کیلیان زۆر باشە، من هەموو کات نامەم بۆ دەنارد و دەمگوت وەرە بۆ ریال مەدرید".
ڤینی دانیبەوەداناوە کە ئەو و ئێمباپێ هێشتا نەگەیشتوونەتە لووتکەی ئاست و هاوئاهەنگیی نێوانیان لە ریال مەدرید، بەڵام دڵنیایی داوە لەوەی کە دەتوانن سەرکەوتنی گەورە بەدەست بهێنن.
ئەو هەروەها دەڵێ، "تاوەکو ئێستا نەمانتوانیوە بەو شێوەیە یاریی بکەین کە حەزی لێدەکەین و بەدڵی خۆمان نازناومان نەبردووەتەوە، بەڵام ئەو دۆخە دەگۆڕین. ئێمباپێ کەسێکی نایابە، هەموو کات لە چاوپێکەوتنەکاندا بەرگریم لێدەکات و لە یاریگاشدا هەروایە، ئەو لە رووداوی یارییەکەی بێنفیکا بەرگری لێکردم، منیش هەموو کات وام بۆ ئەو".
ڤینی وایداناوە کە کیلیان "یاریزانێکی ئەفسانەییە و سەردەمی تایبەت بەخۆی لە ریال مەدرید دروستدەکات".
تایبەتمەندییەکانی لامین
ڤینیسیۆس باسی بەهرەی لامین یامالی ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیای کردووە، ئەو دەڵێ، لامین ئەو یاریزانەیە کە خەڵک پارە دەدەن بۆ تەماشاکردنی لە یاریگادا.
ڤینیسیۆس گوتوویەتی، "لامین یەکێکە لەو یاریزانانەی خەڵک بۆ بینینی ئەو دەچنە یاریگا و پارە دەدەن. ئەو یاریزانێکی ناوازەیە و یارییکردن بەرامبەری زۆر زەحمەتە".
ڤینی دەڵێ، "دڵنیام ئەویش بەیاریزانانی ریال مەدری سەرسامە".
نەیمار پێشەنگە
ڤینیسیۆس باسی ئەوەی کردووە کە نەیمار پێشەنگیەتی لە جیهانی تۆپی پێدا.
دەڵێ، "نەیمار پێشەنگی هەموومانە، زۆر خۆشم دەوێت، ئەو هەموو کات بەرگری لەمن دەکات".
ڤینی باسی هەندێک لە گفتوگۆکانی نێوان خۆی و نەیماری کردووە بەر لە بانگهێشتکردن بۆ مۆندیال و دەڵێ، "دوای هەر لیستێکی هەڵبژاردەکە کە ناوی ئەوی تێدانەبووایە، پەیوەندی پێوە دەکردم و گلەیی دەکرد لەوەی ئەنچێلۆتی بانگهێشتی نەکردووە، بەڵام من هەموو کات دەمگوت ئارام بگرە، کاتی تۆش دێت بۆ لیستی بەرازیل".
ڤینیسیۆس گوتوویەتی، "نەیمار پشتگیریی هەموومانی کرد و کاتێک گەیشتینە ریزی هەڵبژاردەی بەرازیل، ئەو متمانە و وزەی پۆزەتیڤی زۆری پێبەخشین. یارییکردن لەگەڵ ئەودا بۆ من دەبێتە مایەی شانازییەکی زۆر گەورە، هیوادارم ئەو دوایین سەمای خۆی بەناوازەیی ئەنجام بدات".
بڕیارە نەیمار و ڤینی پێکەوە لە مۆندیالی 2026ی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک لە هاوینی ئەمساڵدا بەشداریی بکەن.
