Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکان
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابگرە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: WIN MCNAMEE / AFP

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: WIN MCNAMEE / AFP

جیهان29-05-2026

ترەمپ بۆ 'بڕیاری کۆتایی' کۆدەبێتەوە و دەڵێت: گەمارۆی سەر ئێران بە مەرج لادەبەم

0:00
0:00
قەبارەی دەق
بژار زوبێر

بڵاوکراوەتەوە لەلایەن

بژار زوبێر

رۆژی بڵاوکردنەوە

29-05-2026

بابەتی پەیوەندیدار

شەپۆلێکی تووندی گەرما ئەورووپای هەراسانکردووە؛ بەریتانیا گەرمترین رۆژەکانی بەڕێدەکات
جیهان29-05-2026

شەپۆلێکی تووندی گەرما ئەورووپای هەراسانکردووە؛ بەریتانیا گەرمترین رۆژەکانی بەڕێدەکات

نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات پاراستنی منداڵان بکرێتە کاری لەپێشینەی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا
جیهان29-05-2026

نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات پاراستنی منداڵان بکرێتە کاری لەپێشینەی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا

‌هێگسەس: دەبێت ئێران دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی بێت
جیهان29-05-2026

‌هێگسەس: دەبێت ئێران دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی بێت

رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ، مەرجەکانی بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران ئاشکرا کرد و رایگەیاند، دەبێت تاران بە تەواوی دەستبەرداری خەونی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی ببێت.

لەبارەی رەوشی تەنگەی هورمز، ترەمپ رایگەیاند، "دەبێت تەنگەی هورمز دەستبەجێ بەڕووی هاتووچۆی کەشتییەکاندا بکرێتەوە، بێ هیچ باج و کۆتوبەندێک." ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت ئێران هەموو ئەو مینە دەریاییانەی لە ناوچەکەدا چاندوونی، لاببات یان بیانتەقێنێتەوە.

سەرۆکی ئەمریکا مزگێنی بەو کەشتییانە دا کە بەهۆی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکاوە گیریان خواردووە و گوتی، "گەمارۆکە لادەبرێ و دەتوانن بگەڕێنەوە ماڵەوە. سڵاوم بگەیێننە هاوژین، دایک، باوک و خێزانەکانتان لەلایەن سەرۆکە دڵخوازەکەتانەوە."


سەبارەت بە یۆرانیۆمی پیتێندراو، کە ترەمپ بە "تۆزی ئەتۆمی" ناوی بردووە و پێیوایە بەهۆی هێرشی فڕۆکە بی-تووەکانی ئەمریکا لە 11 مانگ لەمەوبەرەوە لەژێر چیا رووخاوەکاندا ماوە، گوتی، "ئەمریکا و چین تاکە وڵاتن کە توانای تەکنیکییان هەیە ئەو پاشماوانە دەربهێنن. ئێمە بە هاوئاهەنگی ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئەو مادەیە دەردەهێنین و لەنێوی دەبەین."

ترەمپ باسی لەوە کرد، تاوەکو کاتێکی نادیار هیچ بڕە پارەیەک لەم مامەڵەیەدا ناگۆڕدرێتەوە. پاشان دەڵێت، "لە ژووری کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکان کۆدەبمەوە بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی بدەم."

 

دەقی پۆستەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژمارەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ:

"دەبێت ئێران رازی بێت کە هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی یان بۆمبی ئەتۆمی. دەبێت تەنگەی هورمز دەستبەجێ و بە هەردوو ئاراستەدا، بێ هیچ باج و کۆتوبەندێک بە رووی هاتوچۆی کەشتییەکاندا بکرێتەوە. هەموو مینە دەریاییەکان (بۆمبەکان)، ئەگەر هەبن، لەنێودەبرێن (ئێمە لەرێگەی تەقاندنەوەوە ژمارەیەکی زۆر لەو مینانەمان بە ئامێرە پێشکەوتووەکانی ژێر دەریامان لاداوە. ئێران دەستبەجێ کارەکانی لادان و تەقاندنەوەی ئەو مینانەی کە ماونەتەوە تەواو دەکات، کە ژمارەیان زۆر نابێت!).

ئەو کەشتییانەی بەهۆی گەمارۆ دەریاییە سەرسوڕهێنەر و بێپێشینەکەی ئێمەوە لەنێو تەنگەکەدا گیریان خواردووە، کە ئێستا گەمارۆکە لادەبرێت، دەتوانن دەست بکەن بە رێکارەکانی "گەڕانەوە بۆ ماڵەوە!" سڵاوم بگەیێننە هاوژین و دایک و باوک و خێزانەکانتان لەلایەن منەوە، کە سەرۆکە دڵخوازەکەتانم!

ئەو ماددە پیتێنراوانەی کە هەندێک جار بە "تۆزی ئەتۆمی" ناودەبرێن و لە قووڵایی زەویدا لەژێر چیا رووخاوەکاندا نێژراون – کە بەهۆی هێرشی فڕۆکە بی دووە بەهێزەکانمانەوە 11 مانگ لەمەوبەر ئەو چیایانە بەسەریاندا رووخان – لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە دەردەهێنرێن (کە لەسەری رێککەوتووین، ئەمریکا تەنیا وڵاتە لەگەڵ چین کە توانای تەکنیکیی ئەوەیان هەبێت)، ئەوەش بە هاوئاهەنگیی نزیک لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەکرێت و دواتر لەنێودەبرێن.

تاوەکو ئاگادارکردنەوەی دواتر، هیچ بڕە پارەیەک ناگۆڕدرێتەوە. لەسەر چەند خاڵێکی دیکەی کەمبایەختریش رێککەوتووین. ئێستا لە ژووری کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکان کۆدەبمەوە بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی بدەم. سوپاس بۆ گرنگیدانتان بەم پرسە!"