رووداو دیجیتاڵ
مووشەکێکی زەبەلاحی کۆمپانیای "بلوو ئۆریجین" لە کاتی تاقیکردنەوەیەکدا لەسەر سەکۆی هاوێشتن لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا تەقییەوە؛ ئەمەش بووە هۆی پاشەکشەیەکی نوێ بۆ پڕۆژە ئاسمانییەکانی جێف بێزۆس، خاوەنی کۆمپانیاکە.
رۆژی پێنجشەممە، 28ی ئایاری 2026، مووشەکی "نیو گلێن" (New Glenn) کە بەرزییەکەی 98 مەترە، لە کاتی تاقیکردنەوەی بزوێنەرەکانیدا لە بنکەی کەیپ کەنارڤێراڵ رووبەڕووی "ناڕێکییەک" بووەوە و دواتر بوە تۆپەڵێکی گەورەی ئاگر. کۆمپانیاکە لە راگەیێندراوێکی کورتدا لە سۆشیاڵ میدیای ئێکس رایگەیاند، هیچ کارمەندێکیان بریندار نەبووە و هەموویان سەلامەتن.
ڤیدیۆی رووداوەکە نیشانی دەدات کە چۆن سەرەتا دووکەڵ لە ژێر مووشەکەکەوە دەردەچێت و دواتر بە تەواوەتی دەگۆڕێت بۆ تەقینەوەیەکی گەورە. جێف بێزۆس، ملیاردێری ئەمریکی و دامەزرێنەری کۆمپانیاکە، لە پۆستێکدا نووسیویەتی: "هێشتا زوە بۆ ئەوەی هۆکاری سەرەکی بزانین، بەڵام کار بۆ دۆزینەوەی دەکەین. رۆژێکی زۆر سەخت بوو، بەڵام هەر شتێک پێویست بە دوبارە دروستکردنەوە بێت دەیکەین و دەگەڕێینەوە بۆ فڕین. ئەم کارە شایستەی ئەو هەوڵانەیە."
ئیلۆن مەسک، دامەزرێنەری کۆمپانیای سپەیس ئێکس کە رکابەری سەرەکیی بلو ئۆرجینە، سەرەخۆشیی خۆی دەربڕی و روداوەکەی بە "زۆر ناخۆش" وەسف کرد.
مایک هاریدۆپۆڵۆس، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لە فلۆریدا، رایگەیاند کە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ جێرد ئایزمەن، بەڕێوەبەری ناسا، سەبارەت بەم رووداوە. ئایزمەنیش لە لایەن خۆیەوە ئاماژەی بەوە کرد، گەشتە ئاسمانییەکان بێبەزەیین و پەرەپێدانی موشەکی زەبەلاح کارێکی ئێجگار قورسە؛ گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ هاوبەشەکانمان کار دەکەین بۆ پشتگیریکردنی لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەم روداوە و هەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکانی لەسەر ئەرکە ئاسمانییەکان."
کۆمپانیای بلو ئۆرجین و ناسا پێکەوە کار دەکەن بۆ پەرەپێدانی نیشتەرەوەیەکی مانگ بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی "ئارتێمیس". ئەم تەقینەوەیە لە کاتێکدایە کە مانگی رابردووش هەمان مووشەک نەیتوانی مانگێکی دەستکرد بە دروستی بگەیەنێتە خولگەی زەوی، ئەمەش وایکردوە گوشارەکان و چاودێرییە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر پڕۆژەکانی بێزۆس زیاد بکەن.
فەرمانگەی فڕۆکەوانیی فیدراڵیی ئەمریکا پێشتر لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکانی رابردوی ئەم کۆمپانیایە کردوە و بلو ئۆرجینیش رایگەیاندبوو کە رێکاری پێویستیان گرتوەتە بەر، بەڵام رووداوەکەی ئەمڕۆ جارێکی دیکە خشتەی کاتیی گەشتەکانی کۆمپانیاکەی خستوەتە ناو تەموومژەوە.
