رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ئەمریکا (ناسا) پلانی گەورەی خۆی بۆ نیشتەجێبوون لەسەر مانگ ئاشکرا کرد، کە رەنگە قەبارەکەی هێندەی شارێکی گەورە بێت و هەنگاوی یەکەم دەبێت بەرەو ناردنی مرۆڤ بۆ مەریخ. ئاژانسەکە رایگەیاند، بنکەی مانگ (Moon base) دەبێتە "یەکەم پێگەی مرۆڤ لەسەر تەنێکی ئاسمانیی دیکە."
رۆژی سێشەممە 26-05-2026، لە بۆنەیەکدا لە بارەگای سەرەکیی ناسا لە واشنتن، بەرپرسانی ئاژانسەکە گرێبەستی نوێیان بۆ گالیسکەکانی سەر مانگ و کەشتییەکانی نیشتنەوەی بار راگەیاند و وردەکاریی پلانی سێ قۆناخیی دامەزراندنی (بنکەی مانگ)یان لە نزیک جەمسەری باشووری مانگ خستەڕوو.
ئامانجە گەورەکە: مانگ و پاشان مەریخ
جارید ئایزاکمان، بەڕێوەبەری ناسا رایگەیاند، "بنکەی مانگ دەبێتە یەکەم بنکەی دەرەوەی ئەمریکا و مرۆڤایەتی لە جیهانێکی ئاسمانیی دیکەدا. هەر ئەرکێک، چ بە تیم بێت یان بێ تیم، دەرفەتێکی فێربوون دەبێت. ئێمە بۆ زانست دەچین، بۆ هەموو ئەو دەستکەوتانەی کە لە رووی ئابووری و تەکنەلۆژییەوە بەدەستیان دەهێنین و بۆ ئامادەکاری بۆ ئەو شوێنەی کە دواتر بۆی دەچین، کە مەریخە."
ئایزاکمان گوتی، هۆکاری سەرەکیی دروستکردنی بنکەکە ئەوەیە "ژینگەیەکمان هەبێت کە تێیدا بتوانین لەگەڵ ئاو و سەهۆڵدا کار بکەین و ئەو کارامەییانە فێر ببین کە بۆ شوێنی داهاتوومان، کە مەریخە، پێویستمانە."
ناسا پلانەکەی بۆ سێ قۆناخی سەرەکی دابەش کردووە:
قۆناخی یەکەم (ئێستا تاوەکو 2029): تاقیکردنەوە و فێربوون
- کردنی زنجیرەیەک ئەرکی رۆبۆتیی خێرا بۆ پشکنینی ناوچەی جەمسەری باشووری مانگ.
- تاوەکو 25 ئەرک، لەنێویاندا 21 نیشتنەوە.
- ناردنی گالیسکە و تیم و چوار درۆن کە بە (موونفۆڵ) ناسراون.
- گەیاندنی چوار تۆن بار بۆ سەر رووی مانگ.
قۆناخی دووەم (2029 تاوەکو 2032): نیشتەجێبوونی سەرەتایی
- دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی نیشتەجێبوونی سەرەتایی.
- دانانی سیستمی وزەی خۆری فراوان و وزەی ئەتۆمیی سەرەتایی.
- گەیاندنی 60 تۆن بار لە رێگەی 24 نیشتنەوەوە.
قۆناخی سێیەم (2032 و دواتر): ئامادەیی بەردەوامی مرۆڤ
- گەیشتن بە ئامادەییەکی راستەقینەی بەردەوام، بە سووڕی ئاڵوگۆڕی تیمی ئاسایی و چالاکیی بەردەوام لەسەر رووی مانگ.
- دانانی یەکەی نیشتەجێبوونی نیمچە-هەمیشەیی.
- کارپێکردنی سیستمی وزەی ئەتۆمیی پێشکەوتوو.
- گەیاندنی ساڵانەی 38 تۆن بار.
شارێک لەسەر مانگ
نوجور مێرەنس، سەرۆکی ئەندازیارانی پرۆژەکە رایگەیاند، هۆکاری گەورەیی قەبارەی بنکەکە، کە رەنگە بگاتە "سەدان کیلۆمەتر چوارگۆشە" (بەقەبارەی شارێکی گەورە)، ئەوەیە کە هیچ شوێنێک لەسەر مانگ نییە هەموو پێداویستییەکانی بنکەکە لە رووی زانست، تەکنەلۆژیا و نیشتەجێبوونەوە پێکەوە دابین بکات.
مێرەنس گوتی، "خانووەکان پێویستە لەسەر گردەکان بن بۆ وەرگرتنی تیشکی خۆر، لە کاتێکدا سیستمەکانی وزە دەبێت کیلۆمەترێک یان زیاتر دوور بن بەهۆی تیشکدانەوەوە. کاتێک دەست دەکەیت بە کۆکردنەوەی هەموو ئەم شتانە، زیاتر وەک شارێک فراوان دەبن."
هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا تایبەتەکان
بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە گەورەیە، ناسا گرێبەستی لەگەڵ چەندین کۆمپانیای کەرتی تایبەتدا واژۆ کردووە. کۆمپانیای (Blue Origin)ـی جێف بێزۆس هەڵبژێردراوە بۆ دروستکردنی کەشتییەکانی گواستنەوەی گالیسکەکان.
هەروەها گرێبەست دراوەتە هەریەک لە کۆمپانیاکانی (Astrolab) و (Lunar Outpost) بۆ دروستکردنی گالیسکە نوێیەکان کە لەسەر رووی مانگ بەکاردەهێنرێن. کۆمپانیای (Firefly)ـیش گرێبەستی گەشەپێدانی کەشتیی نیشتنەوەی پێدراوە.
ناسا ماڵپەڕێکی نوێشی بۆ ئەرکەکانی (بنکەی مانگ) خستووەتەگەڕ، بە ئامانجی "بردن و ئاشناکردنی جیهان لەگەڵ خۆیاندا" لەم گەشتە نوێیەدا.
