رووداو دیجیتاڵ
ئەلێکساندەر بۆرتنیکۆڤ، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی فیدراڵیی رووسیا (FSB) رایگەیاند، کوشتنی بەرپرسانی باڵای ئێران بە بەکارهێنانی زانیاریی وردی شوێنەکانیان بووە کە لە رێگەی سیستمی کامێرای چاودێریی تاراندا بەدەستهێنراون. بۆرتنیکۆڤ هۆشداریدا و گوتی، ئەمە "نیشانەیەکی ئاگادارکەرەوەی روونە" و پشتیوانی لەو بانگەشانەی رووسیا کرد کە ئەمریکا و ئیسرائیل ئەو سیستمەیان بەکارهێناوە.
رۆژی سێشەممە 26-05-2026، لە کۆبوونەوەی سەرۆکی دەزگە ئەمنییەکانی وڵاتانی کۆمۆنوێلسی دەوڵەتە سەربەخۆکان (CIS)، سەرۆکی دەزگەی ئاسایشی فیدراڵیی رووسیا رایگەیاند، "نیشانەیەکی ئاگادارکەرەوەی روون و نیگەرانکەر، کوشتنە نوێیەکەی بەرپرسانی باڵای ئێرانە لەلایەن هاوپەیمانیی ئەمریکی-ئیسرائیلییەوە. لە رێگەی سیستمی کامێرای چاودێریدا لە تاران، شوێنی وردی قوربانییەکان بەدەستهێنراوە."
کۆمۆنوێلسی دەوڵەتە سەربەخۆکان رێکخراوێکی فرە دەوڵەتە و لە ساڵی 1991 لەدوای هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت دامەزراوە. رێکخراوەکە هەریەک لە: رووسیا، ئەرمینیا، ئازەربایجان، بێلاروس، کازاخستان، کیرگزستان، مۆڵدۆڤا، تاجیکستان، تورکمەنستان و ئوزبەکستان دەگرێتەوە.
بۆرتنیکۆڤ، بەبێ ئەوەی بەڵگە پێشکێش بکات هۆشداریدا، پشتبەستن بە سەکۆ تەکنەلۆژییە رۆژئاواییەکان، "لاوازیی بەرچاو" دروست دەکات لە بەرامبەر هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی دەزگە هەواڵگرییەکانی وڵاتانی پێشەنگی ناتۆ و هاوپەیمانەکانیان.
سەرۆکی هەواڵگریی رووسیا نیگەرانیی خۆی دەربڕی لە ئەگەری بەکارهێنانی چەکداران وەک هێزی بەوەکالەت لە جەنگی ئێران. ئەو رایگەیاند، رەنگە ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە گرووپە تووندڕۆکانی سووریاوە هەیە، لەنێویاندا هاووڵاتییانی وڵاتانی کۆمۆنوێلس، بۆ رۆڵی لەو شێوەیە بەکاربهێنرێن.
بۆرتنیکۆڤ گوتی، "بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، دەزگە هەواڵگرییە رۆژئاواییەکان واز لە هەوڵەکانیان ناهێنن بۆ بەکارهێنانی چەکدارە تیرۆریستەکانی سووریا وەک هێزێکی بەوەکالەتی جەنگ لەگەڵ ئێراندا، ئەمانە لە عێراق جێگیر دەکرێن و لە کەمپی تایبەتدا دادەنرێن."
سەرۆکی دەزگەی ئاسایشی فیدراڵیی رووسیا هۆشداریدا، "ئاشکرایە کە چەکداری لەو شێوەیە بەکاردەهێنرێن، نەک تەنیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵکو لە وڵاتانی رەسەنی خۆشیاندا. لەژێر سێبەری قەیرانی ئێستای ئێراندا، رەنگە ئەم رەوتە چڕتر ببێتەوە و سەرچاوەی هەڕەشەکە دەکەوێتە نزیک سنوورەکانی باشووری کۆمۆنوێلس."
