رووداو دیجیتاڵ
رێژەی هەژاری لە ئەڵمانیا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە دوای ساڵی 2020ـەوە؛ ئێستا پتر لە 13 ملیۆن کەس لەو وڵاتەدا لەژێر هێڵی هەژاریدان.
بە گوێرەی راپۆرتێکی "یەکێتیی چاودێریی کۆمەڵایەتی" کە پشت بە داتاکانی نووسینگەی ئاماری فیدراڵیی ئەڵمانیا دەبەستێت، پار 13.34 ملیۆن کەس، کە دەکاتە 16.1%ی تێکڕای دانیشتووانی وڵاتەکە، لە هەژاریدا ژیاون. ئەم رێژەیە لە ساڵی پێشتردا 15.5% بووە.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ساڵی 2023ـەوە ژمارەی هەژاران 1.2 ملیۆن کەس زیادی کردووە، ئەوەش وەک "بارودۆخێکی قەیراناوی" ناوبراوە.
کام چین و توێژانە زیاتر کاریگەرن؟
بەپێی داتاکان، ئەو دایک و باوکانەی تەنیان و ئەو کەسانەی بە تەنیا دەژین، لە پێشەنگی ئەو گرووپانەن کە مەترسیی هەژارییان لەسەرە. هەروەها رێژەی هەژاری لەنێو گەنجانی تەمەن 18 بۆ 25 ساڵ و کەسانی سەروو 65 ساڵ لە ئاستێکی بەرزدایە. رێژەی هەژاری لەنێو خانمانی سەروو تەمەن 75 ساڵ گەیشتووەتە 21.3%.
یواکیم رۆک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یەکێتییەکە، هۆشداریی دایە حکومەت لە بڕینی هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکان و رایگەیاند: "ئەم دابەشبوونە کۆمەڵایەتییە و بڕینی هاوکارییەکان، ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو خەڵکدا دروست دەکات، ئەوەش دەبێتە دەرفەت بۆ پۆپۆلیست و تووندڕەوەکان کە سوودی لێ ببینن."
جیاوازیی نێوان ناوچەکان
ئاستی هەژاری لە هەرێمێک بۆ هەرێمێکی دیکە جیاوازە. لە هەرێمە دەوڵەمەندەکانی باشوور وەک باڤاریا و بادن-ڤورتەمبێرگ، لە هەر هەشت کەس یەکێکیان هەژارە. بەڵام لە هەرێمی ساکسۆنی-ئەنهاڵت لە هەر پێنج کەس یەکێک و لە برێمن لە هەر چوار کەس یەکێکیان بە هەژار ئەژمار دەکرێت.
پێوەری هەژاری چییە؟
بەپێی پێوەرەکانی یەکێتیی ئەورووپا، هەر خێزانێک داهاتەکەی کەمتر بێت لە 60%ی تێکڕای داهاتی نیشتمانی، بە "هەژار" یان "لەژێر مەترسیی هەژاری" دادەنرێت.
لە ئەڵمانیا بۆ ساڵی 2025، هێڵی هەژاری بۆ کەسێک کە بە تەنیا بژیت بریتییە لە داهاتی 1,445 یۆرۆ (نزیکەی 1,680 دۆلار) لە مانگێکدا. بۆ خێزانێکیش کە لە دوو کەسی پێگەیشتوو و دوو منداڵ پێکهاتبێت، هێڵەکە بریتییە لە 3,036 یۆرۆ.
.png&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)
