رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئۆکراینا رایانگەیاند، لە ئەنجامی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنی "فراوانی" رووسیا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی جیاوازی وڵاتەکە، لانیکەم نۆ کەس کوژران و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی سێشەممە (2ـی حوزەیرانی 2026)، دەسەڵاتدارانی ئۆکراینا رایانگەیاند، سوپای رووسیا بە مووشەکی بالیستی و درۆن هێرشی کردووەتە سەر کیێڤی پایتەخت و چەند شارێکی دیکە، کە بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە و پچڕانی کارەبا لە بەشێکی زۆری ناوچەکان.
ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ رایگەیاند، تەنیا لە پایتەخت 4 کەس کوژراون و 58 کەس بریندار بوون، دوو منداڵیان تێدایە. هەروەها ئۆلێکساندەر گانژا، پارێزگاری دینپیڕۆ رایگەیاند، 5 کەس کوژراون و 25 کەسی دیکە بریندار بوون.
لە خارکیڤیش ئیگۆر تێرێخۆڤ، سەرۆکی شارەوانی ئاماژەی بەوە کرد، 10 کەس بریندار بوون کە منداڵێکیشیان لەنێودایە.
لەلایەکی دیکەوە، هێرشە درۆنییەکانی ئۆکراینا بۆ سەر رووسیا زیانیان لێکەوتووەتەوە. ئەلێکساندەر خینشتاین، پارێزگاری ناوچەی کورسکی رووسیا رایگەیاند، درۆنێکی ئۆکراینی لە نزیک سنوور کەسێکی کوشتووە؛ هەروەها درۆنێکی دیکە بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە پاڵاوگەیەکی نەوت لە شاری کراسنۆدار لە باشووری رۆژئاوای رووسیا.
ئەم هێرشە تەنیا چەند رۆژێک دوای هۆشدارییەکەی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دێت کە رایگەیاندبوو مۆسکۆ ئامادەکاری بۆ هێرشێکی "نوێ و گەورە" دەکات.
زیلینسکی جارێکی دیکە داوای لە هاوپەیمانەکانی کرد سیستمی مووشەکی (پاتریۆت)یان بۆ دابین بکەن. سەرۆکی ئۆکراینا هەفتەی رابردوو لە نامەیەکدا بۆ دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی ئەمریکا و کۆنگرێسی ئەو وڵاتە، داوای کردووە بەپەلە هاوکاری بکرێن بۆ وەڵامدانەوەی ئەو گوشارە ئاسمانییانەی رووسیا.
بەپێی شیکارییە سەربازییەکان، رووسیا لە مانگی ئایاری رابردوودا ژمارەیەکی پێوانەیی لە درۆنە مەودا دوورەکانی بەکارهێناوە کە گەیشتووەتە 8 هەزار و 150 درۆن، ئەمەش بە رێژەی 24٪ لە مانگی نیسان بەرزترە. هاوکات هێزە ئاسمانییەکانی ئۆکراینا دەڵێن توانیویانە نزیکەی 90٪ی ئەو درۆن و مووشەکانە لە ئاسماندا تێکبشکێنن.
