رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی رووداوێکەوە لە کاتی مەشق و راهێنانی سەربازیدا لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر، سەربازێکی ئەمریکی و یەکێکی دیکەی بەریتانی گیانیان لەدەستداوە؛ تاوەکو ئێستا بەرپرسانی سەربازیی هەردوو وڵات ئامادە نین وردەکاریی زیاتر لەسەر چۆنیەتیی رووداوەکە بخەنەڕوو و دەڵێن لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە.
سوپای ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، رووداوەکە رۆژی یەکشەممە 31ـی ئایار، لە کاتی مەشقێکی هاوبەشدا لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر روویداوە.
لە دەقی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "مەشقەکە لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە سوپای بەریتانیا کرا، کە ئەوانیش سەربازێکیان لەدەستدا. رووداوەکەش لەژێر لێکۆڵینەوەدایە."
سەبارەت بە ئاشکراکردنی ناسنامەی سەربازە ئەمریکییەکه، سوپای ئەمریکا روونیکردووەتەوە کە ناسنامەکەی ئاشکرا ناکەن تاوەکو 24 کاژێر بەسەر ئاگادارکردنەوەی کەسوکارەکەیدا تێدەپەڕێت.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا لە راگەیێندراوێکی جیادا پشتڕاستی کردبووەوە کە کەسوکاری سەربازە بەریتانییەکەیان ئاگادار کردووەتەوە و داوایان کردووە "مۆڵەتێکی کاتییان پێبدرێت" پێش ئەوەی وردەکاریی زیاتر بڵاوبکەنەوە.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا سەرقاڵی کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو هێزانەیەتی کە لە عێراق دژی داعش یارمەتیی هێزە خۆجێیەکانیان دەدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ماونەتەوە.
وەک ئاماژەیەک بۆ بەردەوامیی ئەو پەیوەندییە ستراتیجی و دیپلۆماسییەی لەنێوان واشنتن و هەولێردایە، ئەمریکا لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا گەورەترین کۆنسڵخانەی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کردەوە.
گیانلەدەستدانی ئەم دوو سەربازە لە هەولێر، نزیکەی مانگێک دوای ئەوە دێت کە دوو سەربازی دیکەی ئەمریکی لە کاتی پشوو و گەشتێکی شاخەوانیدا لە مەغریب لەسەر قەدپاڵێکی بەرز کەوتنە خوارەوە و گیانیان لەدەستدا، ئەوەش دوای ئەوەی بەشدارییان لە مانۆڕی سەربازیی ساڵانەی شێری ئەفریقادا کرد.
