رووداو- تەندروستی پزیشکێکی ڤێتێرنەری لە ئیدارەی راپەڕین رایدەگەیێنێت، 20 ساڵە داوای دروستکردنی کوشتارگەیەکی هاوچەرخ دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا بۆیان نەکراوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 28-5-2026 د. سەعدی تەیب پزیشکی ڤێتێرنەری لە بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەریی راپەڕین رایگەیاند، "ماوەی 20 ساڵە داوای کوشتارگە دەکەم، بەڵام تاوەکو ئێستا کوشتارگەمان نییە، لە هەمووی گرنگتر پشکنینی پێش سەربڕینە کە دەبێت دابینبکرێت، بەڵام هیچیان بۆ نەکردووین لەبەر ئەمەش سەربڕینی ئاژەڵ لە شوێنی ناتەندروست مەترسیی گەورەی بۆ سەر تەندروستیی هاونیشتمانیان دروستکردووە." د. سەعدی تەیب ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنیا یەک شوێن بۆ سەربڕینی ئاژەڵ هەیە کە هیچ مەرجێکی تەندروستیی تێدا نییە و گوتی، "دوێنێ تاوەکو نیوەڕۆ 15 ئاژەڵی بچووک لەو شوێنە سەربڕدرابوون." د. سەعدی تەیب، باسی لەوەش کرد کە لەگەڵ وەبەرهێنەرێک قسەی کردووە و پێی راگەیاندووە تاوەکو ساڵی داهاتوو کوشتارگەیەکیان بۆ دروست بکات. د. سەعدی تەیب داوای لە فەرمانگەی ژینگە و تەندروستی کرد کە پێش ڤێتێرنەری بێن و هەڵوێستیان هەبێت لەسەر ئەو پرسە. هەروەها رووی لە هاونیشتمانیان کرد و گوتی، دەبێت ئاژەڵێکی تەندروست سەرببڕدرێت و ژینگەش پیس نەکرێت.