رووداو-تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئەمریکا دەریخستووە کە دانانی هێمای ئاگادارکردنەوەی "شەکرى زۆر" لەسەر لیستی خۆراکی رێستۆرانتەکان، وادەکات کڕیاران کەمتر ئەو خۆراکانە داوا بکەن کە رێژەیەکی زۆر شەکرى تێدایە.
توێژینەوەکە لە زانکۆی کالیفۆرنیا لە ئەمریکا لەسەر زیاتر لە 10 هەزار کەس کراوە و دەرکەوتووە کاتێک کڕیاران هێمایەکی ئاگادارکردنەوەیان بینیوە کە وێنەی سێگۆشەیەک کە کەوچک و نیشانەی سەرسوڕمانی تێدایە لەگەڵ نووسین" بە تێکڕا زیاتر لە 10 گرام کەمتر شەکریان لە ژەمەکانیاندا هەڵبژاردووە، تەنانەت هێمایەکی سادەی بێ نووسین بووەتە هۆی کەمکردنەوەی نزیکەی 7 گرام شەکر.
پرۆفیسۆر د. جێنیفەر فاڵب سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی کالیفۆرنیا دەڵێت، "بۆ کەسێک کە هەفتەی پێنج جار لە رێستۆرانت خۆراک بخوات ئەمە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی 50 گرام شەکر یان 200 کالۆری کەمتر لە شەکر لە هەفتەیەکدا، کە ساڵانە دووهەزار و 600 گرام شەکر کەم دەکاتەوە."
پرۆفیسۆر د. جێنیفەر فاڵب دەڵێت "سەپاندنی هێمای ئاگادارکردنەوەی شەکر لەسەر لیستی خۆراکی رێستۆرانتەکان، سیاسەتێکی بەهێزە بۆ کەمکردنەوەی ئەو شەکرەی لە رێستۆرانتەکانەوە دەخورێت و باشترکردنی تەندروستیی گشتی."
پڕۆژەیاسای SB869ی کالیفۆرنیا، کە لە ئەنجوومەنی پیرانی ویلایەتەکە پەسەند کراوە و ئێستا چاوەڕێی بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانە، داوا دەکات هێمای ئاگادارکردنەوە لەسەر ئەو خۆراکانە نێو مێنووەکان دابنرێت کە رێژەیەکی بەرزی شەکری زیادکراویان تێدایە.



