رووداو-تەندروستی
ئەمڕۆ پزیشکانی گەنج لەبەردەم نەخۆشخانەی ئازادی لە کەرکوک خۆپیشاندانیان کرد و دکتۆر ئیبراهیم محەممەد نوێنەری پزیشکانی نیشتەجێی خولاو لە کەرکوک، رایگەیاند: "کۆمەڵێک بەڵێنیان پێداوین، بەڵام ئێمە دەمانەوێت بەڵێنەکان لەسەر کاخەز بن و جێبەجێ بکرێن".
دکتۆر ئیبراهیم محەممەد داواکارییەکانیانی خستەڕوو و گوتی: "دەمانەوێت داهاتمان وەک پزیشکانی پێش خۆمان بێت و ناومان بە شێوەی هەمیشەیی بچێتە سەر میلاکی وەزارەتی تەندروستی, پێشتر حکومەت بەڵێنی پێداین بەڵام دوای دوو ساڵ لەسەر بەڵێنەکەیان نین".
دکتۆر ئیبراهیم، ئاماژەی بەوەشکرد، فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک لەگەڵیان کۆبووەتەوە، بەڵام پێیانگوتوون کە هیچ دەسەڵاتێکیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەیان نییە.
دکتۆر ئیبراهیم محەممەد گوتی: "نە پارێزگار و نە ئەندامانی ئەنجوومەن، کەسیان بەدەم داواکارییەکانیانەوە نەهاتوون".
پزیشکانی نیشتەجێی خولاو لە عێراق ماوەی سێ رۆژە بایکۆتی دەوامیان کردووە و خۆپیشاندان دەکەن، داوای دامەزراندنی هەمیشەیی و باشترکردنی مافەکانیان دەکەن.



