رووداو - تەندروستی
لە زانکۆی پێن ستەیت لە ئەمریکا توێژینەوەیەک لەسەر ژیریی دەستکرد لە بواری پزیشکیدا کراوە و دەریدەخات، 76٪ـی وەڵامەکانی ژیرییەکە دروستە، باشترینیشیان ئاشکرا دەکرێت.
پزیشکان و پسپۆڕان هۆشداری دەدەنە خەڵک، لەو شوێنانەی دەستڕاگەیشتن بە پزیشک نییە و لاوازە، ژیریی دەستکرد گرنگە بۆ بابەتە پزیشکییەکان، بەڵام لە کاتی دیکەدا ئەستەمە جێگەی پزیشک بگرێتەوە.
ئامولیا یاداڤ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی پێن ستەیت دەڵێت ''مۆدێلە گەورە زمانەوانییەکانی ژیریی دەستکرد دەرکەوت، بە نزیکەیی 76٪ وەڵامەکانیان دروستە لە بابەتە پزیشکییەکان، کە ئەمەش لەلایەن پزیشکانەوە هەڵسەنگێندراوە. ئەوەش دەرکەوت کە چات جی پی تی لە بواری پزیشکیدا دروستترینیان بوو''.
ئامولیا یاداڤ ئەوەش باس دەکات کە ''رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و بانکی نێودەوڵەتی رایانگەیاندووە، نزیکەی 50٪ـی خەڵک دەستیان بە چاودێریی تەندروستی ناگات، بەڵام خۆ دەتوانن دەستیان بە چاک جی پی تییەکی باش بگات و لەوێوە وەڵامی پرسیارە تەندروستییەکانیان بدرێتەوە کە 76٪ ورد و دروستە''.
تاوەکو ئێستا لە جیهاندا زیاتر لە 12 کەسی تۆمار کراون هەن کە بەهۆی هەڵەبەکارهێنانی ژیریی دەستکردەوە بوونەتە قوربانی و ژیانیان لەدەستداوە، زۆرینەشیان هەڵەبەکارهێنانی دەرمان و جێبەجێکردنی رێنوێنییە دەروونییە هەڵەکانەوە بووە.
توێژەران دەڵێن، ژیریی دەستکرد لە بابەت و نەخۆشییەکانی پێست و دەمار ورد نییە، چونکە دەبێت نەخۆش بە فیزیکی ببیندرێت و راستەوخۆ پزیشک نیشانەکان سەیر بکات.



