رووداو - تەندروستی
داهێنانێک لە ئەڵمانیا پزیشکانی زانکۆی گۆتینگن کردوویانە و پلاستەرێکی دڵە و بۆ هەر کەسێک دابنرێت، دڵی بەهێزتر و باشتر دەبێت.
ئێستا ئەم داهێنانە لەسەر 20 نەخۆش تاقیدەکرێتەوە بەگوێرەی دامەزراوەی دڵ لە ئەڵمانیا، نزیکەی چوار ملیۆن کەس لەو وڵاتە بەدەست سستبوونی دڵیانەوە دەناڵێنن. ئەم داهێنانەش ئومێدێکە گەورەیە بۆیان.
ماریۆ رۆش، نەخۆشی دڵ و خۆبەخشێکی تاقیکردنەوەی پلاستەری دڵ دەڵێت: ''ئەم ساڵ رەنگە ئەو ساڵە بوایە کە چیدیکە چارەسەر وەرنەگرم، چونکە دەرمانەکانم نەیاندەتوانی بە زیندوویی بمهێڵنەوە، بۆیە لەم توێژینەوەیە بەشداربوون بۆ ئەوەی تاڕادەیەک باری تەندروستیم جێگیر بێت و ببێتە چارەسەرێکی رزگارکەر بۆم کە لەزگەی دڵ بوو و ساڵی رابردوو بۆیان چاندم''.
د. سۆرێن براندینبێرگ، پسپۆڕی دڵ و لوولەکانی خوێن لە زانکۆی سەنتەری پزیشکیی گۆتینگن گوتی، ئەم لەزگەیەی دڵ لە بەستەرەشانە، کۆلاجین و دڵەماسوولکە پێکدێت کە لە خانە بنەڕەتییەکانەوە وەرگیراوە و لەسەر دڵی نەخۆشەکە بە چەندین چین دادەنرێت بۆ دروستکردنی لەزگەیەکی قەبارە 5 بۆ 10 سانتیمەتری. بۆ ئەوەی ئەو ماسوولکانەی دڵ دابپۆشێت کە سستبوون یاخود مردوون.
بەپێی کۆمەڵەی دڵ لە ئەمریکا، خۆشبەختانە 80٪ـی نەخۆشییەکانی دڵ دەتوانرێ کۆنتڕۆڵبکرێت بەم شێوەیە؛
- گۆڕینی شێوازی ژیانی تەندروست
- کەمکردنەوەی خۆراکی چەور و سوێر
- نەخواردنەوەی مادە کحولییەکان
- نەکێشانی جگەرە و نێرگەلە
- وەرزش و جووڵەی رۆژانە
- کەمکردنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی گوشاری دەروونی
- کۆنتڕۆڵکردنی شەکر، چەوری و پەستانی خوێن
- رێگریکردن لە قەڵەوی
- وەرگرتنی دەرمان لەکاتی هەبوونی نەخۆشییە درێژخایەنەکان
- ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە لەکاتی بوونی نیشانەکانی سینگئێشە، هەناسەتەنگی، دڵەکوتی، سڕبوونی دەست و قاچەکان و ئەستووربوونی پێیەکان.
- بینینی پزیشکی پسپۆڕ و پزیشکانی هەناوی



